پەرەگراف
سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، فراكسیۆنەكان نیگەرانن لە سەرۆكایەتیی پەرلەمانو ئەویش وەك سەرۆكی پەرلەمان نیگەرانیی هەیەو ئامادە نییە كۆبوونەوەی پەرلەمان بكات تا ئەو كاتەی پەرلەمان بە شكۆو متمانەی تایبەتەوە دەگەڕێتەوە.
د. ڕێواز فایەق لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ئەوەی خستە ڕوو، لە هەمووشتێك گرنگترە ئەوەیە فراكسیۆنەكان كێشەیان لەنێواندا نەبێت، ئەگەر كێشەیان لەگەڵ سەرۆكایەتی پەرلەمان بێت ڕەنگە قابیل بێت بۆ چارەسەر كردن، وتی "ئێمە پەیامی فراكسیۆنەكانمان وەرگرت و هاتن سەردانی ئێمەیان كرد، دواتر بڕیار دەدەین ئایا لەگەڵیان كۆببینەوەو كەی لەگەڵیان كۆدەبینەوە؟ بەش بە حاڵی خۆم منیش نیگەرانیم هەیە وەكو سەرۆكی پەرلەمان لەبەرئەوە دوای ڕەوینەوەی نیگەرانییەكان بڕیار دەدەین لەگەڵیان كۆببینەوە".
نیگەرانییو ڕەخنەی فراكسیۆنەكان لە دوای كۆبوونەوەی ڕابردووی پەرلەمان تۆخ بووەوە كە تێیدا پارتیو پێكهاتەكانی پەرلەمان كۆبوونەوەیان ئەنجام داو پارێزبەندییان لەسەر سۆران عومەر پەرلەمانتاری كۆمەڵ هەڵگرت، فراكسیۆنەكانی دیكەو سەرۆكی پەرلەمان بایكۆتی ئەو كۆبوونەوەیەیان كرد.
"پەرلەمان كۆنابێتەوە تاوەكو بەوشێوەیەی لێنەیەت كە خواستی هەموو ئەو هێزانەیە كە لەنێو پەرلەمانی كوردستان هەن، پەرلەمان ئەوكاتە كۆدەبێتەوە كە باس لە كێشەكانی خەڵكی كوردستان بكات و ئەو كاتە كۆدەبێتەوە كە بەشكۆیەكی تایبەت و متمانەیەكی تایبەت بچێتەوە ناو پەرلەمان" سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان وای وت.
ڕێواز فایەق ئاماژەی بەوەش كرد، بانگهێشت بۆ كۆبوونەوە ناكات تاوەكو نەگاتە ئەو بڕوایەی كە كۆبوونەوەی پەرلەمان سوودی بۆ خەڵكی كوردستان دەبێت.
هەرچەندە ڕێواز فایەق نیگەرانیی پیشاندەدات، بەڵام پەرەگراف پێشتر ئەوەی ئاشكرا كرد كە سەرۆكی پەرلەمان ڕێگای دیكەی لەبەردەمدا بووەو نەیگرتووەتەبەر لە پرسی هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر سۆران عومەر. هەرچەندە پڕۆسەكە بەدڵی پارتی تێپەڕی، بەڵام هێشتا سەرۆكی پەرلەمان ڕۆڵێكی دیكەی ماوە.