سوودانی لە ھەولێرەو لەگەڵ بارزانی کۆدەبێتەوە

13-07-2023 06:08
سەردانێکی پێشتری سوودانی بۆلای بارزانی.

پەرەگراف

محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەردانێکی پێشتر ڕانەگەیەندراو لە ھەولێرە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە سەردانەکە بە پەرەگرافی وت "ئەمڕۆ سوودانی لەگەڵ مەسعود بارزانی کۆبووەتەوەو پاشان پێکەوە سەردانی چەند ناوچەیەکی گەشتیارییان کردووە".

سەردانەکەی سوودانی لەکاتێکدایە کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دوێنێ بە سەرپەرشتی مەسعود بارزانی کۆبووەوەو جارێکی دیکە پشتیوانیی بۆ سوودانی دووپاتکردەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکەی پارتی، بابەتی هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت باس كراوە "بەتایبەتی ئەو پاشەكشێیەی بەرامبەر پێكهاتەكانی نێو هاوپەیمانێتییەكە هەستپێدەكرێ‌ و، جێبەجێنەكردنی مادەكانی ئەو رێككەوتن و هاوپەیمانییەی كە حكومەتی لە سەر تەشكیلكراوە جێی نیگەرانیی جدیە و لێكەوتەی ئەم شێوە مامەڵەكردنە لەگەڵ هاوپەیمانێتییەکە زیانی بۆ كۆی حوكمڕانی عێراق دەبێت".

"بەڵام سەرەڕای ئەم پاشەكشێیه‌ی بەشێكی لایەنەكان كه‌ روویداوە، پشتگیریی سەرۆکوەزیرانی حكومەتی فیدراڵی دەكەین و هیوادارین بەسەر ئاستەنگ و رێگرییەكان سەركەوتووبێت لە جێبەجێكردنی كارنامەی كابینەكه‌ی كە رێككەوتنی لە سەركراوە" کۆمیتەی ناوەندیی پارتی وادەڵێت.

ئێستا حکومەتی ھەرێم چاوی لە دەستی بەغدایە بۆ ناردنی بەشە بودجەی ھەرێم تابتوانێت مووچەو خەرجیی پڕۆژەکان دابین بکات، سەرباری ناڕەزایی لەو گۆڕانکارییانەی لە پەرلەمان لەو ماددانەی پڕۆژە یاسای بوودجە کران کە پەیوەستن بە ھەرێمەوە.

پێشتر مەسرور بارزانی ڕایگەیاند، گۆڕانکارییەکانی ناو پڕۆژەیاسای بوودجە "پێشێلکاریین بەرامبەر بەو رێککەوتنەی لەگەڵ سەرۆکوەزیران محەمەد شیاع سوودانی‬⁩ و حکومەتەکەی کردوومانە".

سەرۆکی حکومەتی ھەرێم وتیشی "ئەو رێککەوتنە بناغەیە بۆ هەماهەنگیی هەولێر و بەغدا، دەبێ هەموولا ڕێزی لێ بگرن".