وتەبێژی پارتی وەڵامی بافڵ تاڵەبانی دەداتەوە

13-07-2023 03:29

پەرەگراف

لە وەڵامی بافڵ تاڵەبانیدا كە پارتیی بە هۆكاری خراپیی پەیوەندییەكانی نێوانیان ناو بردووە، وتەبێژی پارتی دەڵێت "لە زۆربەی وێستگەكاندا سەرەڕای هاوبەشیان لە حوكمڕانی، كەچی یەكێتی لە ‌لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن زیاتر كێشە و گرفتیان بۆ كار و چالاكییەكانی حكومەت دروست دەكرد".

مەحموود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموكرات، لە ڕاگەیەندراوێك باس لەوە دەكات كە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی، دوێنێ‌ لە كۆڕێكیدا لە دەرەوەی وڵات، پەیوەندییەكانی نێوان پارتی و حزبەكەی بە خراپ لە قەڵەم داوە و هۆكاری خراپیەكەیشی خستووەتە ئەستۆی پارتی.

وتەبێژی پارتی سەبارەت بە كێشەكانی پارێزگای سلێمانی، ڕایدەگەیەنێت كە یەكێتی هۆكار بووە و "ڕێگر بووە لە ئاوەدانكردنەوە و جێبەجێكردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان و تا دەگاتە بابەتی ئەمنیەت و دەستبەسەرداگرتنی داهاتی ناوخۆی پارێزگاكە".

مەحموود محەمەد جەخت دەكاتەوە كە "پارتی یەك مەرجەعیەت و یەك هەڵوێستی هەبووە و ئەوەی بڕیاری لی َدەدرێت، جێبەجێ دەكرێت". توانجیش لە یەكێتی دەدات و دەڵێت "ئاواتی ئەوانە هاوشێوەی خۆیان لە كوردستاندا پەیدا بكەن".

دەقی ڕاگەیەندراوی وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان:

لە كۆڕێكیدا لە دەرەوەی وڵات، دوێنی سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، پەیوەندییەكانی نێوان پارتیمان و حزبەكەی بە خراپ لە قەڵەم داوە و، هۆكاری خراپیەكەیشی خستووەتە ئەستۆی پارتیمان وەكو ئەوەی ئێمەی پارتی گرفت‌ و جیاوازیەكانمان یەكلایەنە دروستكردبێ!… دیارە لە بیریان چۆتەوە كە لە زۆربەی وێستگەكاندا سەرەڕای هاوبەشیان لە حوكمرانی كەچی له ‌لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن زیاتر كێشە و گرفتیان دروستدەكرد بۆ كار و چالاكییەكانی حكومەت.

لە قسەكانیدا باس لە كێشەكانی پارێزگای سلێمانی دەكات بەبێ خستنەڕووی ڕاستیەكان و، باس لەوە ناكات كە حزبەكەی هۆكاری سەرەكییە و ڕێگربووە لە ئاوەدانكردنەوە و جێبەجێكردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان و تا دەگاتە بابەتی ئەمنیەت و دەستبەسەرداگرتنی داهاتی ناوخۆی پارێزگاكه و تەواوی ئەو سنوورە، ئەوەیش روون ناكاتەوە كە حزبەكەی بووەتە بەدیلی حكومەت و ناهێڵێ دامەزراوە شەرعییەكان ڕۆڵی خۆیان ببینن و، ناشڵێت ئەو هەموو ئیمكاناتە لە كوێ بەدەستدەهێنن كە لە جیاتی دامەزراوەكانی حكومەت پارە سەرفبكەن.

لەلایەكی دیكەوە لەبیری چۆتەوە كە چۆن دامەزراوەكانی حكومەتی فیدڕاڵی و دادگای فیدڕاڵی هێناوەتە ناو پرۆسەی حوكمرانی هەرێم و چەندە چارەسەری كێشەكانی بەو بابەتە ئاڵۆزكردووە.

پارتی یەك مەرجەعیەت و یەك هەڵوێستی هەبووە و ئەوەی بڕیاری لێدەدرێت جێبەجێدەكرێت، ئەوە ئاواتی ئەوانە هاوشێوەی خۆیان لە كوردستاندا پەیدابكەن، با دڵنیا بێت مەرجەعیەت و یەك هەڵوێستی پارتی لە هیچ وێستگەیەك نەگۆڕاوە و لەمەودواش ناگۆڕدرێت. ئەگەر پارتی پەیوەندی خۆی لەگەڵ حزبەكەی ئەو لەسەر ئەساسی قسەكردن و تەسریحاتی كادیر و سەركردایەتییەكانیان ڕێكخستبووایە دەبوو هیچ كۆبوونەوەیەك ئەنجام نەدرابا،‌ بەڵام ئەگەر ئیڕادەی ڕێككەوتن لە دەست خۆیاندا نەبوو بیانوو زۆرن بۆ تێكدانی زەمینەی تەفاهوم و لێكنزیكبوونەوە.

خەڵكی كوردستان ئاگاداردەكەینەوە كە پارتیمان جدیە لە چارەسەركردنی كێشەكان و فەراهەمكردنی كەشێكی ئارام بۆ هاووڵاتیان و یەكڕیزی و پێشخستنی پرۆسەی سیاسی لە كوردستاندا، هەروەكو ئاشكرایشە باسكردنی كێشە و جیاوازییەكان بەو شێوازە و بردنیان بۆ دەرەوەی هەرێم ئاماژەیەكی نوێ نییە بۆ بەخەمەوەنەبوونی یەكڕیزی نێوماڵی كوردستانی.

وتەبێژی پارتیی دیموكراتی كوردستان