ئەردۆغان: دەستپێنەكردنەوەی هەناردەی نەوت بەهۆی ململانێی حكومەتی باكووری عێراق و حكومەتی عێراقەوەیە

12-07-2023 08:43

پەرەگراف

سەرۆككۆماری توركیا هۆكاری دەستپێنەكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ "ململانێ"ی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراق دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت "توركیا دەیەوێت دەست بە هەناردەكرنی نەوت بكاتەوە".

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا سەبارەت بە هەناردەی نەوتی هەرێم وەڵامی ڕۆژنامەنووسانی دایەوە و جارێكی دیكە حكومەتی هەرێمی بە "حكومەتی باكووری عێراق" ناو برد.

ئەردۆغان وتی "ئێمە سەبارەت بە هەناردەكردنی نەوت لە عێراقەوە بۆ توركیا هیچ كێشەیەكمان نییە، ئەم كێشەیە بە تەواوی لە ناوخۆی عێراق و بەهۆی ناكۆكیی نێوان حكومەتی ناوەندی و حكومەتی باكووری عێراقەوەیە".

سەرۆككۆماری توركیا وتیشی "هاوكارە تایبەتمەندەكانم سەبارەت بەو بابەتە كۆبوونەوە ئەنجام دەدەن. ئێمەش هەنگاو دەدەنێنین تاوەكو كێشەی نێوان حكومەتی باكووری عێراق و حكومەتی ناوەندی چارەسەر ببێت".

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان جەختی كردەوە "هەر كە كێشەكە چارەسەر بوو، ئێمە ڕاستەوخۆ لەگەڵ كردنەوەی هێڵ و بۆرییەكانی نەوتین. لەسەر بنەمای بردنەوە بە بردنەوە، دەمانەوێت ئەوان براوە بن و ئێمەش براوە بین".

ئەم قسانەی ئەردۆغان لە كاتێكدایە بەرپرسانی هەرێم لە سەرۆكی حكومەتەوە تا وتەبێژ و وەزیری سامانە سروشتییەكانیش چەندین جار جەختیان كردووەتەوە كە هیچ كێشەیەك لە نێوان هەرێم و بەغداد لەبارەی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت نەماوە.

لە نوێترین لێدواندا ڕۆژی ١٠-٧-٢٠٢٣ وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم ڕایگەیاند كە ‏ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا، سەردانی ‏عێراق دەكات و پێشبینیش دەكات لەو سەردانەدا كێشەی ‏هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان و كەركووك چارەسەر ‏بكرێت.

كەمال محەمەد، وەزیری سامانە سروشتییەكان بە وەكالەت، جەختی كردەوە كە "وەكوو ‏هەرێمی كوردستان، هەموو ڕێكارەكانمان لەگەڵ وەزارەتی ‏نەوتی عێراق و كۆمپانیای سۆمۆ تەواو كردووە، بابەتی ‏دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت زیاتر گرێدراوی نێوان ‏عێراق و توركیایە".‏

كەمال وحەمەد وتیشی "لە مانگی پێنجدا كۆمپانیای سۆمۆ ‏بە ڕەسمی توركیای ئاگادار كردووەتەوە كە ئامادەن ‏هەناردەی نەوت دەست پێ‌ بكەنەوە، بەڵام هێشتا ‏چاوەڕێین".‏