حاڵەتێكی دیكەی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون لە كۆیە تۆمار كرا

12-07-2023 01:41

پەرەگراف

حاڵەتێكی نوێی تووشبوون بە تای خوێنەبەربوون لە قەزای كۆیە تۆمار كرا. تەندروستیی كۆیە دەڵێت "تووشبووەكە گەنجە و باری تەندروستیی جێگیرە". ئەمە دووەم حاڵەتی تووشبوون بە پەتاکەیە لەو قەزایە.

هاوكار عەلی، بەرپرسی ڕاگەیاندنی تەندروستیی كۆیە، بە پەرەگرافی وت "تووشبووەكە دانیشتووی ناو قەزای كۆیەیە، تەمەنی ١٩ ساڵە و ڕەگەزی نێرە. ئێستا لە یەكێكك لە نەخۆشخانەكانی هەولێر لەژێر چاودێریدایە و باری تەندروستیی جێگیرە".

هاوكار عەلی وتیشی "تووشبووەكە كاسبكارە و ئاژەڵدار نییە، بەڵام لە جەژنی قورباندا مامەڵەی لەگەڵ ئاژەڵی قوربانی كردووە، بۆیە گومان دەكرێت لەوەوە تووش بووبێت".

پاش ئەوەی نیشانەكانی نەخۆشییەكە لەو گەنجەدا دەركەوتووە، لە نەخۆشخانە خراوەتە ژێر چاودێرییەوە و نموونەی پشكنینەكەی ڕەوانەی تاقیگەی ناوەندی لە بەغداد كراوە، دواتر پشتڕاستكراوەتەوە كە تووشبووی تای خوێنەبەربوونە.

لە ئێستادا تیمی تەندروستی كار دەكات بۆ ئەنجامدانی پشكنین بۆ كەسوكاری تووشبووەكە و ئەو كەسانەی مامەڵەی نزیكیان لەگەڵیدا هەبووە.

ئەمە دووەم حاڵەتی تووشبوون بە تای خوێنبەربوونە لە كۆیە. حاڵەتی یەكەم هاووڵاتییەكی تەمەن ٧٥ ساڵ بوو و بەهۆی سەختیی نەخۆشییەكەوە كۆچی دوایی كرد.

ڕۆژی ٢٥-٦-٢٠٢٣، هاوكار عەلی، بەرپرسى ڕاگەیاندنى تەندروستیی كۆیە، سەبارەت بە یەكەم حاڵەتی تووشبوون بە تاى خوێنبەربوون بە پەرەگرافی وت "هاووڵاتییەكە دانیشتووی گوندی سماقووڵیی سەروچاوەیە. چەند ڕۆژێك لە نەخۆشخانەكانی هەولێر لەژێر چاودێریی پزیشكیدا بووە".

ڕۆژی ٦-٧-٢٠٢٣یش، دكتۆر سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی، یەكەم حاڵەتی تووشبوون بە تای خوێنبەربوونی لە سنووری پارێزگای سلێمانی ڕاگەیاند و وتی "نەخۆشەكە دانیشتووی چوارقوڕنەیە و تەمەنی 45 ساڵە، لە ڕەگەزی مێیە و پیشەی خێزانەكەیان بەخێوكردنی ئاژەڵی خۆماڵییە".

پێشتر لە ڕۆژی ٢٦-٦-٢٠٢٣، دكتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێم، ئاماری پەتاكەی خستەڕوو و ڕایگەیاند "لە عێراقدا ٢٦٥ حاڵەتی ‏پشتڕاستكراوەی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون و لە هەرێم ١١ حاڵەت تۆمار كراون، لە ‏عێراق ٦٩ تووشبوو و لە هەرێم پێنج تووشبوو گیانیان لەدەست داوە".‏

تای خوێنبەربوون، پەتایەكی ڤایرۆسییە و لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ و پاشان لە مرۆڤ بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە. هاوینی ڕابردووش ئەو پەتایە لەعێراق و كوردستان بڵاوبووەوە و بەهۆیەوە چەند كەسێك گیانیان لەدەست دا.

نیشانەكانی تای خوێنبەربوون ئەوەیە؛ نەخۆشەكە تووشی تایەكی بەرز و ئازاری هەموو جەستەی دەبێت، بەتایبەت ئازار لە پشت و ملیدا، لەوانەشە نەخۆشەكە تووشی سكچوون و ڕشانەوە ببێت، لە قۆناغەكانی كۆتاییشدا خوێنبەربوون لە دەم و لووت و هەندێك جاریش لە چاو و گوێچكەیەوە دەست پێ دەكات.

ئەمساڵ هەر لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی پەتاكە وەزارەتی كشتوكاڵی ھەرێم گرتنەبەری شەش ڕێكاری "بەپەلە و گرنگ"ی ڕاگەیاند بۆ ڕێگری لە پەرەگرتنی تای خوێنبەربوون، داوای كۆنتڕۆڵكردنی دیاردەی هێنانی ئاژەڵ بە شێوەی نافەرمیی كرد.

وەزارەتی تەندروستیی حكومەتی هەرێمیش ژمارەیەك ڕێكاری بۆ كۆنترۆڵكردنی تای خوێنبەربوون ڕاگەیاندووە و دەڵێت"سەربڕینی ئاژەڵان لە ماڵان بە هەموو شێوەیەك قەدەغەیە سەربڕین تەنیا لە شوێنی ڕێپێدراو دەبێت".

بەپێی ڕێكارە نوێیەكانی وەزارەتی تەندروستی، قەسابەكان پابەند دەكرێن بە لەبەركردنی كەلوپەلی خۆپاراستن، بە تایبەت دەستكێشی لاستیك و جلی تایبەتی خۆپارێزی لە كاتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئاژەڵ. هەروەها دوای سەربڕینی ئاژەڵ، دەبێت شوێنەكە بە گیراوەی تایبەتپاكژ بكرێتەوە.

وەزارەتی تەندروستی جەخت دەكاتەوە كە هاووڵاتیان "گۆشتی سوور لە شوێنی ڕێپێدراو بكڕن"، هەروەها " دەستكێش لەدەست بكەن و ئاگادار بن دەستیان برینداریی نەبێت و تەختەی لەتكردنی گۆشت جیاواز بێت لە تەختەی لەتكردنی سەوزە".

بۆ دڵنیابوون لە گۆشتی ئاژەڵیش، وەزارەتی تەندروستی ڕێنمایی هاووڵاتیان دەكات كە گۆشت بكوڵێنن و "بەلای كەمەوە گۆشت ٣٠چركە بكوڵندرێت".