ئێران دەڵێت عێراق پابەند کراوە تا مانگی ئەیلوول حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکان لە هەرێمی کوردستان چەک بکات

11-07-2023 04:30
محەمەد باقری سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران

پەرەگراف

سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران جارێکی دیکە هەڕەشەی هێرشکردنە سەر حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات و دەڵێت، دوا مۆڵەت بۆ چەککردنیان مانگی ئەیلوولی ئەمساڵە.

محەمەد باقری دەڵێت "ئەگەر حکومەتی عێراق تاوەکو مانگی ئەیلوول بەڵێنەکانی لەبارەی ئەو حیزبە چەکدارانەی لە باکووری عێراق هەن جێبەجێ نەکات، ئۆپەراسیۆنی بەهێزتر لە جاران لە دژی ئەو گرووپانە دووبارە دەکەینەوە".

"عێراق پابەند کراوە تاوەکو مانگی ئەیلوول حیزبە دژەکانی کۆماری ئیسلامی لە هەرێمی کوردستان چەک بکات" سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران وای وت.

پێشتر ئێران بە پاساوی بوونی هەڕەشەی "گرووپە چەكدارییە جوداخوازەكان" لە سنوورەکانەوە بۆ سەر وڵاتەكەی، بە بەردەوامی تۆپبارانی هەرێمی کوردستانی کردووە. لە مانگەكانی كۆتایی 2022ـدا هێرشەكانی چڕ كردەوە و چەند جارێك بارەگای حیزبەكانی ڕۆژهەڵاتی لە قووڵایی خاكی هەرێمدا بە مووشەكی بالیستی و درۆنی بۆمبڕێژكراو كردە ئامانج.

ئێران لە مانگەكانی رابردودا هێزی بۆ ناوچەكانی سەر سنووری هەرێم گواستەوە و هەڕەشەی ئەوەیكرد، ئەگەر لەلایەن هەرێم و عێراقەوە ڕێگری لەو هەڕەشانە نەكرێت كە ڕووبەڕووی ناوچە سنوورییەكانی وڵاتەكەی دەبنەوە، ئەوا هێرشی زەمینی بۆ سەر بارەگای حیزبەكانی ڕۆژهەڵات لەناو خاكی هەرێم دەستپێدەكات.