دەستەی ئامار: ژمارەی دانیشتووانی هەرێم شەش ملیۆن و 500 هەزار كەسی ‏تێپەڕاندووە

11-07-2023 12:33

پەرەگراف

بەپێی نوێترین ئامار كە دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان بڵاوی كردووەتەوە، ‏ژمارەی دانیشتووان لە هەرێم گەیشتووەتە شەش ملیۆن و 556 هەزار و 752 ‏كەس. ئەم ئامارە ورد و تەواو دروست نییە، بەڵكو وەكوو دەستەكە خۆی دەڵێت ‏‏"بەپێی خەمڵاندن و پێشبینی"ی خۆیانە. ڕێژەی گەشەی دانیشتووانیش بۆ ‏ساڵی ٢٠٢٣ بە 2% دەخەمڵێندرێت.‏

ڕۆژی 11-7ی هەموو ساڵێك بە ڕۆژی دانیشتووان لە لایەن ‏نەتەوەیەكگرتووەكانەوە دیاری كراوە، بە ئامانجی كار و چالاكی لەو ڕۆژەدا ‏تایبەت بە دانیشتوان و ئمار و كێشەكانی.‏

وەكوو لە ڕاگەیەندراوی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستاندا هاتووە، لەو ‏ژمارەیە سێ‌ ملیۆن و 296 هەزار و 240 كەس لە ڕەگەزی نێر و سێ‌ ملیۆن و ‏‏260 هەزار و 514 كەسیش لە ڕەگەزی مێن.‏

هەروەها زیاتر لە سێ‌ لەسەر چواری دانیشتووانی هەرێم لە شارەكاندا ‏نیشتەجێبوون، كە بەپێی ئامارەكە ژمارەی ڕێژەی شارنشین لە هەرێم 78.4% ‏و ڕێژەی گوندنشین 21.6%ـە.‏

دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان دەڵێت "لە ساڵی ٢٠١٤ بە دواوە عێراق ‏چەندین قەیرانی كەڵەكەبووی بە خۆیەوە بینیوە كە بوونەتە هۆی گۆڕانكاری ‏لە پرۆفایلی دیموگرافیی وڵات. چەندین گۆڕانكاریی گەورە لەسەر دانیشتوان ‏ڕوویان داوە، لەوانە گەشەی دانیشتوان، دابەشبوون، پێكهاتەی تەمەن، ‏بەپیتبوون، مردن، جووڵەی دانیشتووان، بەتواناكردنی ئافرەتان، هێزی كار و ‏چەندین بابەتی تر".‏

دەستەكە ئاماژەی بە كاریگەرییەكانی كۆرۆنا و ململانێی درێژخایەن لە عێراق ‏لەسەر دانیشتووان كردووە و دەشڵێت "كاریگەریی نەرێنیی كردووەتە سەر ‏ئاسۆی ئابووریی وڵات، بە هەرێمی كوردستانیشەوە".‏