پەرەگراف - سلێمانی
تەندروستیی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت "لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا هەزار و 508 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی هیوا تۆمار كراوە".
ئامارەكە لە ماوەی نێوان 1-1-2023 تا 30-6-2023 تۆمار كراوە. شێرپەنجەی مەمك بەربڵاوترین جۆریانە و 238 حاڵەت تۆمار كراوە كە دەكاتە 15.78%ی كۆی حاڵەتە تۆمار كراوەكان.
لە پلەی دووەمدا شێرپەنجەی كۆڵۆن و ڕێكە دێت كە 153 حاڵەت و لە پلەی سێیەمیشدا شێرپەنجەی سییەكان دێت كە 97 حاڵەت تۆمار كراوە.
بەدوای ئەوانەدا شێرپەنجەی لیمفۆما 93 حاڵەت، شێرپەنجەی میز و میزەڕۆ 91 حاڵەت، شێرپەنجەی پڕۆستات 85 حاڵەت، شێرپەنجەی لۆكیمیا 63 حاڵەت، شێرپەنجەی مێشك 62 حاڵەت، شێرپەنجەی گەدە 55 حاڵەت و شێرپەنجەكانی دیكە 571 حاڵەت تۆمار كراون.
ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكانی تەندروستیی سلێمانی دەڵێت "نەخۆشییەكانی دیکەی خوێن جگە لە شێرپەنجە، 841 چارەخوازی نوێ لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا تۆمار كراوە".
بەپێی ئامارە نوێیەكە، بە گشتی ڕۆژانە زیاتر لە هەشت حاڵەت و مانگانە زیاتر لە 250 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی هیوا تۆمار كراوە. تووشبووەكان تەنیا هی سنووری پارێزگای سلێمانی نین، بەڵكوو بەشێكی زۆریان دانیشتووی پارێزگاكانی دیكەی هەرێم و ناوەڕاست و خوارووی عێراقن.
ئامارەكە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو كەمی كردووە. ساڵی 2022 نەخۆشخانەی هیوا ڕایگەیاند كە بەشێوەیەكی گشتی ڕۆژانە 15 حاڵەتی نوێی نەخۆشیی شێرپەنجە تۆمار دەكرێت.
هەر بەپێی ئامارەكانی نەخۆشانەكە، ساڵی ڕابردوو لە 23-10-2022 بەرزترین ژمارەی تووشبوون بە شێرپەنجە لە ماوەی یەك ڕۆژدا تۆمار كرا كە 41 حاڵەت بوو.