وەزیری سامانە سروشتییەكان: ئەردۆغان سەردانی عێراق دەكات و پێدەچێت دوای ئەوە هەناردەی نەوت دەست پێ بكاتەوە
پەرەگراف
وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم ئاشكرای دەكات كە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا، سەردانی عێراق دەكات. پێشبینیش دەكات لەو سەردانەدا كێشەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان و كەركووك چارەسەر بكرێت. شاندێكی حكومەتی هەرێمیش بەم نزیكانە سەردانی بەغداد دەكات.
كەمال محەمەد، وەزیری سامانە سروشتییەكان بە وەكالەت، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا جەختی كردەوە كە "وەكوو هەرێمی كوردستان، هەموو ڕێكارەكانمان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق و كۆمپانیای سۆمۆ تەواو كردووە، بابەتی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت زیاتر گرێدراوی نێوان عێراق و توركیایە".
كەمال وحەمەد وتیشی "لە مانگی پێنجدا كۆمپانیای سۆمۆ بە ڕەسمی توركیای ئاگادار كردووەتەوە كە ئامادەن هەناردەی نەوت دەست پێ بكەنەوە، بەڵام هێشتا چاوەڕێین".
سەبارەت بە گفتوگۆكانی پەیوەست بە یاسای نەوت و غازی عێراق، وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم ئاشكرای كرد "لەم هەفتەیەدا یان هەفتەی داهاتوو، شاندی هەرێم سەردانی بەغداد دەكات". وتیشی "لەسەدا 70ی كارەكانی (تایبەت بە ڕێككەوتنی هەرێم و بەغداد لەسەر یاساكە) تەواو بووە".