بافڵ تاڵەبانی: لە ئەمڕۆ بەدواوە یەکێتی بە بێدەنگی نامێنێت و هەرچی ڕووبدات وەکخۆی وەڵام دەدرێتەوە
پەرەگراف
بافڵ تاڵەبانی بە تووڕەییەوە بارەگای مەکتەبی سیاسی پارتی بەجێهێشت و وتی "دڵنیابن لە ئەمڕۆ بەدواوە یەکێتی بە بێدەنگی نامێنێت و هەرچی ڕووبدات لە ئەمڕۆ بەدواوە وەکخۆی وەڵام دەدرێتەوە".
کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی پارتی و یەکێتی لە پیرمام، هەرلەسەرەتاوە بە تەوقەیەکی ساردو سڕی بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ ئەندامانی شاندی پارتی دەستی پێکرد، پاش کۆبوونەوەکەش بافڵ تاڵەبانی بە تووڕەییەوە قسەی بۆ ڕۆژنامەنووسان کردو بەبێ ماڵئاوایی بارەگاکەی پارتی بەجێهێشت.
دوای کۆبوونەوەکە سەرۆکی یەکێتی بە ڕۆژنامەنووسانی وت "قسەو کرداری نا بەرپرسانە کاریگەری لەسەر ئێمە نابێت. بەردەوام دەبین و هەوڵەدەین ڕێککەوین".
لە وەڵامی نزیکییان لە پارتی بۆ ڕێککەوتن، بافڵ تاڵەبانی وتی "لەوە دەچێت نزیک بین".
بەڵام دواتر بافڵ تاڵەبانی وتی، لەسەر هیچ شتێك رێكنەكەوتوون، تەنیا لەسەر ئەوە رێككەوتوون كە کۆبوونەکەیان ڕاگەیەندراوی نەبێت.
سەرۆکی یەکێتی داوای لێبوردنی لە شاندی پارتی کرد کە بەبێ ماڵئاوایی بەجێی ھێشتوون و خەتاکەی گەڕاندەوە بۆ پاڵەپەستۆی ڕۆژنامەنووسان.
تووڕەبوونەکەی سەرۆکی یەکێتی لە قسەیەکی سالار عوسمان ئەندامی سەرکردایەتی پارتییە کە وتویەتی یەکێتی هێزەکەی ڕابردوو نییەو پێویستە لە قەبارەی ئێستای خۆیان تێبگەن، هەربۆیە بافڵ تاڵەبانی بە دەنگێکی بەرز بە میدیاکانی وت "یەکێتی هێزە".
پاشان فازڵ میرانی سەرۆکی شاندی پارتی قسەی بۆ ڕۆژنامەنووسان کردو ڕەخنەی لەوتەکانی بافڵ تاڵەبانی و زمانی دەربڕینی گرت و وتی، "ئەو جۆرە لەهجەیە لە سیاسەتدا زۆر مەرغووب نییەو سیاسەت نە میزاجە نە کاروکاردانەوەیەو نەدەرگای داخراوە، دڵنیا بن ئێمە دەرگا داناخەین".
سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی ئاماژەی بە هۆکاری تووڕەبوونەکەی بافڵ تاڵەبانی کردو وتی، بەرپرسێکی پارتی لێدوانێکیداوە کە یەکێتی پێی ناڕەحەت بووەو، ئەو لێدوانە سیاسەتی پارتی نییە، "نەمانوتووە هێز نییە، پارتی واقیعی کوردستانی لەبەرچاوگرتووەو بەپێی کورسییەکانی لە پەرلەمان مامەڵەمان لەگەڵ یەکێتی نەکردووە".
فازڵ میرانی وتیشی، کۆبوونەوەکەیان ئەرێنی بووەو خاڵی هاوبەش و ناکۆکیش هەبوون، بڕیاریانداوە لە نزیکترین کاتدا کۆبوونەوەی سێیەمیش دەکەن و قسەیەک لێرەو قسەیەک لەوێ کۆتایی دونیا نییەو، بەرپرسیارێتییان لە هەموو کات زیاترە بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم و ئەنجامدانی هەڵبژاردن بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی دروست بووە.
ڤیدیۆی وتەکانی بافڵ تاڵەبانی و فازڵ میرانی