پەرلەمانتارێک: سەرجەم بەرھەمی گەنمی جووتیارانی ئاڵتوون کۆپری و شوان و لەیلان وەردەگیرێت
پەرەگراف
دوای ناڕەزایی جووتیارانی ناحیەکانی شوان، لەیلان و ئاڵتوون کۆپری بەھۆی وەستانی وەرگرتنی بەرھەمی گەنمیان لە سایلۆی ناحیەی تازە لە کاتێکدا تەنھا دوو ڕۆژ مۆڵەتی وەرگرتن ماوە، پەرلەمانتارێک دڵنیایی دەدات سەرجەم گەنمەکانیان وەردەگیرێت.
پەرلەمانتار دیلان غەفور نوێنەری کەرکوک لە پەرلەمانی عێراق، بە پەرەگرافی وت "دڵنیاییمان لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق وەرگرتووە کە کێشەی وەرنەگرتنی گەنمی جوتیاران لە سایلۆی ناحیەی تازە چارەسەر دەبێت و سەرجەم بەرھەمی جوتیاران وەردەگیرێت کە دەوروبەری ١٥ ھەزار تۆنە".
"دوای دروستبوونی کێشە لە وەرگرتنی گەنمەکانیان لە سایلۆی تازە، بەدواداچوونمان بۆ کێشەکەیان کردو بۆمان دەرکەوت سایلۆی تازە پڕبووە و توانای وەرگرتنی نەماوە، ئەوەش کێشەیەکی گەورەی ڕوبەڕوی جوتیارانی سنورەکە کردووەتەوە و مەترسیی وەرنەگرتنی گەنمەکانیان و ساخنەکردنەوەییان ھەیە" ئەو پەرلەمانتارە وادەڵێت.
١٠ی ئەم مانگە کۆتا ڕۆژە بۆ وەرگرتنی بەرھەمی گەنمی جووتیاران و سایلۆی تازە زیاتر لە ٢٥٠ ھەزار تۆنی وەرگرتووە، بڕیارە بەشێک لەو گەنمە بگوازرێتەوە و ماوەی وەرگرتنی گەنمیش درێژبکرێتەوە تا بتوانن سەرجەم گەنمی لە جووتیاران وەربگرن.