پەرەگراف
هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە)، هەواڵی بەشداریكردنی شەڕڤانانی لە جەنگی ئۆكرانیا ڕەت دەكاتەوە و دەڵێت "هێزەكانمان سەروكاریان لەگەڵ پرسەكانی دەرەوەی سووریا نییە".
فەرهاد شامی، بەڕێوەبەری ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە ڕاگەیەندراوێكی لەوبارەیەوە بڵاو كردەوە و تێیدا دەڵێت "هەندێك لە دەزگاكانی ڕاگەیاندن هەواڵی بێبنەما و لایەنگرانەیان بڵاو كردووتەوە كە گوایە شەڕڤانانی هەسەدە بەشدارن لەو جەنگەی لە ئۆكرانیا بەڕێوە دەچێت".
فەرهاد شامی جەخت دەكاتەوە كە ئەو هەواڵ و ڕاپۆرتانە بە "ناڕاستن و هیچ بنەمایەكیان لە واقیعدا نییە". دەشڵێت "ئەو هەوڵانە لەلایەن ئەو لایەنانە بڵاو دەكرێنەوە كە بە سەرچاوەی باوەڕپێنەكراو ناسراون".
بەڕێوەبەری ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە بڵاوكردنەوەی ئەو هەواڵە بە "كاری گوماناوی" ناو دەبات كە "لەگەڵ كارە لە پێشینە نیشتمانپەروەرییەكانی هەسەدە یەك ناگرێتەوە".
شامی جەخت دەكاتەوە كە "هەسەدە خەباتی لەناو خاكی سووریادایە بۆ پاراستنی ناوچەكە و گەلەكەی. هێزەكانمان سەروكاریان لەگەڵ پرسەكانی دەرەوەی سووریادا نییە".
ڕاگەیەندراوەكەی هەسەدە پاش ئەوە هات هەندێك میدیای جیهانی لەناویشیاندا ئاژانسی هەواڵی (سپۆتنیك)ی ڕووسی بە پشتبەستن بە "سەرچاوە تایبەتەكان" بڵاوی كردەوە كە "ئەمریكا نزیكەی ٦٥٠ چەكداری لە هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە)، گواستووەتەوە بۆ ئۆكرانیا".
ئاژانەسەكە باسی لەوە كردووە كە "چەكدارەكان لە ڕێگەی فڕۆكەی تایبەتەوە، لە هەرێمی كوردستانی عێراقەوە بۆ ئۆكرانیا گوازراونەتەوە".
سەرچاوەكانی سپۆتنیك ئاماژەیان بەوەش كردووە كە "هێزەكانی ئەمریكا لە سووریا ژمارەیەك ناوەندی مەشق و ڕاهێنانیان بە چەكی سووك و مامناوەندی لە ناوچە گوندنشینەكانی دێرازوور و پارێزگای حەسەكە بۆ چەكدرانە كردووەتەوە كە دەچن بۆ ئۆكرانیا".