هەرێم نەوتەكەی بە '40 دۆلار كەمتر' دەفرۆشێت و لەژێر فشاری بەغدادایە بۆ ‏‏'ڕادەستكردن'ی ئەو كەرتە

07-07-2023 04:54

پەرەگراف

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێكخراوێكی بواری نەوت، ئەو كۆمپانیا نەوتییانەی لە ‏كێڵگەكانی هەرێم كار دەكەن، زۆربەی كارمەندەكانیان ئیزن داوە. هەر ‏بەرمیلێك نەوتیش بە ٤٠ دۆلار كەمتر لە نرخی بازاڕی جیهانی بە بازاڕی ‏ناوخۆیی دەفرۆشرێت. هەروەها بەغداد فشار دەكات "بۆ ئەوەی شكست بە ‏پیشەسازیی نەوت لە هەرێم بهێنێت و هەرێم بە تەواوەتی ئەو سێكتەرە بە ‏ناچاری ڕادەستی بەغداد بكات".‏

ڕێكخراوی ڕوونبین‎ ‎بۆ شەفافیەت لە پرۆسەكانی نەوت، لە نوێترین ڕاپۆتیدا ‏باس لە دوایین پێشهاتەكانی پەیوەست بە پرۆسەی نەوتی هەرێم دەكات و ‏دەڵێت "بەپێی زانیارییەكانی ڕوونبین، هەموو ئەو كۆمپانیا نەوتییانەی لە ‏كێڵگە نەوتییەكانی هەرێم كار دەكەن، زۆربەی كارمەندەكانیان ئیزن داوە و ‏بەشێكی كەم لە كارمەندەكانیان ستاندباین، ژمارەیەكی زۆر كەمتریان كە ‏كەمترین ڕێژەیە، لە كێڵگەكاندا هێشتووەتەوە كار بكەن".‏

ئەم هەنگاوەی كۆمپانیاكان بۆ "كەمكردنەوەی زیانەكانیان"ـە تاوەكوو ‏‏"خەرجی كەم بكەنەوە"، ئەمەشە بەهۆی ئەوەی "بەرهەمهێنان لە زۆربەی ‏كێڵگەكاندا وەستاوە و وەبەرهێنانیش بۆ نزمترین ئاست كەمكراوەتەوە، ئەگەر ‏تەواویش نەوەستابێت".‏

بەپێی ڕاپۆرتەكە، تەنانەت ئەو كۆمپانیایانەی كە لە ئێستادا دەستیان بە ‏بەرهەمهێنانیش كردووەتەوە، زۆربەی كارمەندەكانیان "جواب كردووە و ‏بەشێكی تریش لە كارمەندەكان بۆ كاتێكی نادیار لە ماڵەوەن، دەبێت ‏چاوەڕێی بانگ كردنەوەیان بكەن، هەروەها چەند كارمەند و ئەندازیارێكی ‏كەم لە كێڵگەكاندا ماونەتەوە".‏

ئەو ڕێكخراوەی بواری شەفافیەتی نەوت، تیشكی خستووەتە سەر ئەوەی كە لە ‏ماوەی ڕابردوودا نەوتی هەرێم بە ٣٠ بۆ ٣٥ دۆلار كەمتر لە نرخی بازاڕی ‏جیهانی بە بازاڕی ناوخۆ فرۆشراوە, بەڵام لە مانگی حوزەیرانەوە ‏‏"داشكاندنەكە زیاتر بووە و ئێستا بە ٤٠ دۆلار كەمتر لە نرخی بازاڕی جیهانی ‏نەوتەكە دەدرێت بە بازاڕی ناوخۆ‎ ‎‏".‏

‏"لە ئەنجامی وەستانی هەناردەی بەرهەم، زیانێكی زۆر بە هێزی كاری نەوت ‏كەوتووە، لەگەڵ بەردەوامیی ئەم بارودۆخەدا، فشاری زیاتر دەكەوێتە سەر ‏كۆمپانیا نەوتییەكان و دواجار هێزی كاری نەوتی هەرێم"، ڕێكخراوی ڕوونبین ‏وا دەڵێت.‏

پاش بڕیارەكەی دادگای ناوبژیوانیی پاریس كە بووە هۆی ڕاگرتنی هەناردەی ‏نەوتی هەرێم لەلایەن توركیاوە لە 25-3-2023، لە 4-4-2023 حكومەتی ‏هەرێم و حكومەتی عێراق لەسەر هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم ‏ڕێككەوتن، ئەمجارەیان لە ڕێگەی كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی ‏عێراق (سۆمۆ)، بەڵام پاش تێپەڕینی زیاتر لە سێ‌ مانگ بەسەر ‏ڕێككەوتنەكەدا، هێشتا عێراق و توركیا لەسەر دەستپێكردنەوەی هەناردەی ‏نەوت ڕێكنەكەوتوون.‏

ڕێكخراوی ڕوونبین دەڵێت "بەغداد هیچ هەنگاوێكی كردەیی نەناوە بە ‏ئاراستەی دەستپێكردنەوەی هەناردە یان وەرگرتنی بەرهەمی نەوتی هەرێم بۆ ‏بەكارهێنانی ناوخۆ، ئەمەش بە فشاری بەغدا دادەنرێت بۆ ئەوەی شكست بە ‏پیشەسازیی نەوت لە هەرێم بهێنێت، یاخود لانیكەم هەرێم بە تەواوەتی ئەو ‏سێكتەرە بە ناچاری ڕادەستی بەغداد بكات".‏