دوو پێشمەرگەی دیموكرات لەلایەن 'سیخوڕێكی هاوشاریی خۆیانەوە' لە هەڵشۆ كوژران

07-07-2023 12:07
دوو پێشمەرگە کوژراوەکەى دیموکرات

پەرەگراف

بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوو پێشمەرگەی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران بە ناوەكانی لوقمان ئاجی و عادل قادری لە سەیرانگای هەڵشۆی سەر بە قەزای قەڵادزێ لەلایەن "هاوڕێ‌ و هاوشارییەكی خۆیانەوە" كوژران و بكوژەكە بەرەو ئێران هەڵاتووە.

سەرچاوەیەكی باڵا لە حیزبی دیكوكراتی كوردستانی ئێران بە پەرەگرافی وت "كەسێكی سیخوڕ كە لە هەولێر دانیشتووە و ئیقامەی هەبووە، خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و هاوڕێ‌ و هاوشاریی ئەو دوو پێشمەرگەی دیموكرات بووە، پێكەوە چوونەتە هەڵشۆ بۆ سەیران، لەوێ‌ ئەو دوو پێشمەرگەی تیرۆر كردووە و دواتر بۆ ئێران هەڵاتووە".

ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو كە كار لەسەر دۆسیەی مافەكانی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەكات، دەڵێت "دوو ئەندامەكەی دیموكرات خەڵكی شاری پیرانشارن. ڕووداوەكە كاتژمێر ١ی بەرەبەیانیی ڕۆژی هەینی، ١٦ی پووشپەڕی ٢٧٢٣ (٧ی خاكەلێوەی ٢٠٢٣) بووە".

هەر لەو ڕووداوەدا "چالاكێكی تری سیاسی بە ناوی سەعدی مورادپوور كە پێشتر ئەندامی حیزبی دیموكرات بووە، بە سەختی بریندار بووە".

هەنگاو دەشڵێت "ئەو تیرۆرە لەلایەن كەسێك بە ناسنامەی (ڕەسووڵ ئازەڕەخش) ئەنجام دراوە و دوای بەئامانجگرتنی ئەو سێ كەسە، دەستبەجێ گەیشتووەتە سنوور و پەنای بۆ هێزە حكوومەتییەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە سنووری قەڵادێزێ بردووە".

بەپێی زانیارییەكانی ڕێكخراوی هەنگاو، كەسە بریندارەكە "لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستاننەوە دەستبەسەر كراوە و لێكۆڵینەوەكان لەوبارەیەوە دەستی پێ كردووە".

"ڕەسوڵ ئازەڕەخش، ئەندامی حیزبی دیموكرات بووە و شەش ساڵ لەمەوبەر دوای جیابوونەوەی لەم حیزبە، گەڕاوەتەوە ئێران و پەیوەندیی بە سوپای پاسدارانی ئێرانەوە كردبوو، بەم دوایییانەش بە بیانووی گەڕان بەدوای كار و كاركردن، هاتووەتەوە هەرێمی كوردستان"، هەنگاو وا دەڵێت.

ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ئاماژەی بەوەش كردووە كە تۆمەتبارەكە پێشتر ئەو پێشەرگانەی دیموكراتی ناسیوە، دوێنێ‌ "بانگهێشتی كۆبوونەوەیەكی دۆستانەی كردوون بۆ ناوچەی گەشتیاری هەڵشۆ و دواتر تیرۆری كردوون".