مەسعود بارزانی: پێویستە هەڵبژاردنەكانی هەرێم بە بێ نانەوەی هیچ كۆسپ و تەگەرەیەك بەڕێوە بچن

06-07-2023 01:54

پەرەگراف - هەولێر

لە كۆبوونەوەی نێوان مەسعود بارزانی و باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق، جەخت كراوەتەوە كە "پێویستە هەڵبژاردنەكانی هەرێم بە بێ نانەوەی هیچ كۆسپ و تەگەرەیەك بەڕێوە بچن".

مایك برایسۆن ڕیچاردسۆن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق، پاش كۆتاییهاتنی ئەركەكەی لە عێراق، ئەمڕۆ سەردانی مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی لە سەلاحەددین كرد.

بارەگای بارزانی دەڵێت "لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەكە، پەیوەندییەكانی نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی فیدڕاڵی عێراق و پێویستیی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانیان، هەروەها هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق تاوتوێ كران".

لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان ئاڵوگۆڕ كراوە و بارەگای بارزانی دەڵێت "هەردوولا لەسەر ئەوە هاوڕا بوون كە بۆ پاراستنی شەرعیەت و بەهێزكردنی پڕۆسەی دیموكراسی، پێویستە هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان بە بێ نانەوەی هیچ كۆسپ و تەگەرەیەك بەڕێوە بچن".

هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە دەبوو لە مانگی 10ی ساڵی 2022 بەڕێوە بچێت، سەرەڕای دوو جار دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردنەكە لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە، بەهۆی ناكۆكیی نێوان لایەنەكان لەسەر یاسای هەڵبژاردن تا ئێستا ئەنجام نەدراوە.

سەرۆكی هەێم لە ساڵی 2022دا ڕۆژی 1ی تشرینی یەكەم و لە ساڵی 2023یشدا ڕۆژی 18ی تشرینی دووەمی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دیاری كرد، بەڵام لایەنەكان نەیانتوانی لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن و بە تایبەتیش كورسیی كۆتاكان بگەنە ڕێككەوتن.

پاش كۆتاییهاتنی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی ڕابردوو، فراكسیۆنەكانی پارتی و یەكێتی و پێكهاتەكان تەمەنی پەرلەمانیان بە نایاسایی بۆ ماوەی ساڵێك درێژ كردەوە و یاسایەكیان بۆ دەركرد، لەو ماوەیەشدا لایەنەكان نەیانتوانی بگەنە ڕێككەوتن و دواجاریش پارتی لەگەڵ پێكهاتەكان لە بارودۆخێكی ئاڵۆزدا لەناو پەرلەمان كۆمیسیۆنی كارا كردەوە.

لە كۆتاییدا دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بە بڕیارێك یاسای درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان و بڕیار و یاسا دەركراوەكانی لە ماوەی دڕێژكردنەوەی تەمەنیدا هەڵوەشاندەوە و بە نادەستووری ناوی برد، لەناویشیاندا بڕیاری كاراكردنەوەی كۆمیسیۆن.

لە ڕۆژی 2-7-2023 سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ماڵئاوایی لە فەرمانبەرانی پەرلەمان كرد و دەستەی سەرۆكایەتی و پەرلەمانتاران خانەنشین دەكرێن، دەرگای هۆڵی كۆبوونەوەكانی پەرلەمانیش بە داخراویی دەمێنێتەوە تا هەڵبژاردنی داهاتوو و دەستبەكاربوونی خولی نوێی پەرلەمان.

پاش بڕیارەكەی دادگای فیدراڵیش، شاندێكی سەرۆكایەتیی ھەرێم سەردانی بەغدادی كرد و لەگەڵ كۆمسیۆنی ھەڵبژاردنی عێراق كۆبووەوە. ڕۆژی 15-6-2023یش نێچیرڤان بارزانی بە ئامادەیی جینین پلاسخارت، نوێنەری سكرتێری نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ عێراق، لە سەرۆكایەتیی هەرێم لەگەڵ كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق كۆبووەوە.

سەرۆكایەتیی هەرێم دەڵێت، كۆمسیۆن ئامادەیی نیشان داوە "دوای دەستەبەركردنی پێداویستییەكان و ڕێككەوتن لەسەر كاتێكی گونجاو، هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان بەڕێوە ببات".

لە دواین هەڵوێستیشدا لە 21-6-2023، مەسروور بارزانی لە كۆبوونەوەی لەگەڵ جینین پلاسخارت، نێردەی سكرتێری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ عێراق، ڕایگەیاند "نابێت چیتر ئەنجامدانی هەڵبژاردن دوا بخرێت و بكرێتە قوربانی خواست و ئارەزووی هیچ هێز و لایەنێك".

هەرچەندە بەرپرسانی هەرێم چەندین جار جەختیان لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەمساڵدا كردووەتەوە، بەڵام كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە كۆتایی ئەمساڵدا هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق بەڕێوە دەبات و ڕایشیگەیاندووە كە ناتوانێت هەردوو هەڵبژاردنەكە پێكەوە ئەنجام بدات، هەر بۆیە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەگەریش ئەنجام بدرێت، بەلای كەمەوە دەكەوێتە ناوەڕاستی ساڵی داهاتوو.

لە 30 ساڵی حوكمڕانی هەرێمی كوردستان و لە دوای یەكەم هەڵبژاردنەوە لە ١٩-٥-١٩٩٢، هیچ پڕۆسەیەكی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی كوردستان لە وادەی یاسایی و دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوە نەچووە.