دیندار زێباری: داوا لە چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسان دەکەین خۆیان بە دوور بگرن لە توندوتیژی
پەرەگراف
دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێم داوا لە چالاکوانان و خۆپیشاندەران دەکات خۆیان بەدووربگرن لەتوندوتیژی بەتایبەت ڕۆژنامەنووسان لەکاتی رووماڵی میدیاییدا، ئەوە لەکاتێکدایە لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا لانیکەم پێشێلکاریی بەرامبەر٨٠ ڕۆژنامەنووس کراوە.
لەبارەی ئەو پێشێلکارییانەی بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان دەکرێن، دیندار زێباری لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی "سەبارەت بە توندوتیژی بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان و خۆپیشاندەران وەکو حکومەت هاوکارو پاڵپشتن لەگەڵ ئەنجومەنی دادوەری و داواکاری گشتی کە بەخێرایی لێکۆڵینەوە بکرێت و، پەلەبکرێت لە یەکلایی کردنەوەی دۆسیەکان لە ئەنجومەنی دادوەری".
ئەو بەرپرسەی حکومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەشکرد، لەو ڕاسپاردە نێودەوڵەتییانەی ئاڕاستەی ئەوان کراون و سەرقاڵی جێبەجێ کردنیانن کە داواکاریی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشە، داوایان لێکراوە پڕۆژەیاسایەک ئامادە بکرێت بۆ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیای بیستراو و بینراو لەهەرێمی کوردستان.
پەرلەمانی کوردستان مانگی ٧ی ٢٠٢٠ ھەوڵیدا بە یاسا میدیای ئەلیکترۆنی ڕێکبخات، بۆئەوەش خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پێشنیازەیاسایەک کرد، بەڵام بەھۆی ڕەخنەی تووندی ڕۆژنامەنووسان و ڕێکخراوەکانەوە کارکردن لەسەری ڕاگیراو نەبوو بە یاسا، ئەو پێشنیازە یاسایە؛ لەسزای غەرامەوە تا تۆمەتی تیرۆر و هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی كاركردنی تێدابوو، بۆ ئەو میدیا ئەلیکترۆنییانەی كارەكانیان بەپێی یاساكە بەپێشێلكاریی دادەنرا.
وتەکانی زێباری لەکاتێکدان بەپێی ڕاپۆرتی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان، لە شەش مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا ٤١ حاڵەتی پێشێلکاریی بەرامبەر ٨٠ ڕۆژنامەنووس تۆمارکراون.
ڕاپۆرتەكەی سەندیكای ڕۆژنامەنووسان حاڵەتەكانی پێشێلكاری پۆلێن كردووەو، هەشت حاڵەتی دەستگیركردن، 20 حاڵەتی ڕێگەنەدان بەڕووماڵ و جیاكاری، شەش حاڵەتی هێرش و سووكایەتی، چوار حاڵەتی شكاندنی كەلوپەلی ڕۆژنامەوانی و دەستبەسەرداگرتن، دوو حاڵەتی لێدان و یەك حاڵەتی هەڕەشە تۆمار كراون.
پێشێلكارییەكان بەپێی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان بە جۆرێک بوون، پارێزگای هەولێر بە 13 حاڵەت زۆرترین پێشێلكاریی تێدا تۆماركراوە، دوای ئەو دهۆك دێت بە 10 حاڵەت و، سلێمانی حەوت حاڵەت، ئیدارەی سەربەخۆی سۆران شەش حاڵەت، هەریەك لە كەركووك وئیدارەی گەرمیان یەكی دوو حاڵەت و پارێزگای هەڵەبجە یەك حاڵەت.
بەپێی ڕەگەزیش، 80 پێشێلكاری بەرانبەر ڕۆژنامەنووسان لە ڕەگەزی نێر تۆمار كراوە و هیچ حاڵەتێكی پێشێلكاری بەرانبەر ڕۆژنامەنووسان لە ڕەگەزی مێ تۆمار نەكراوە.