مەسرور بارزانی خۆی بێبەری کرد لە ڕێنماییەکانی وەزارەتی ڕۆشنبیری بۆ ڕێکخستنی کاری میدیا
پەرەگراف
مەسرور بارزانی خۆی بێبەری کرد لە ڕێنماییەکانی وەزارەتی ڕۆشنبیری بۆ ڕێکخستنی کاری میدیا لە ھەرێمی کوردستان کە ناڕەزایی تووندی ڕۆژنامەنووسانی لێکەوتەوە.
سەرۆکی حکومەتی ھەرێم لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ چین و توێژە جیاوازەکان، لەبارەی ڕێنماییەکانی وەزارەتی ڕۆشنبیری وتی "ئەوەی وەزارەتی ڕۆشنبیری ئەگەر پێچەوانەی یاسا بێت بە ھیچ جۆرێک پشتگیری ھیچ ڕێنماییەک ناکەم کە بەرتەسکی ئازادی بکاتەوە، یان پێچەوانەی ئەو بەندە یاساییانەبن کە پێشتر ھەبوون".
مەسرور بارزانی وتیشی "من پشتگیری ناکەم و دەبێت لەگەڵ وەزارەتیش قسە بکەین بۆئەوەی ئەو ئازادییانە چۆن پێشتر بڕیاری لەسەر دراوە بەردەوام بن".
سەرۆکی حکومەت ڕەتیشیکردەوە لەماوەی کابینەکەی ئەودا ئازادی رادەربڕین بەرتەسك کرابێتەوەو وتی "ئەوانەی وا دەڵێن، بەڕاستی وانیە".
دەرکردنی ڕێنماییەک لەلایەن وەزارەتی ڕۆشنبیرییەوە تایبەت بە کاری میدیایی لە هەرێمی کوردستان، ناڕەزایی ڕۆژنامەنووسانی لێدەکەوێتەوەو ئەو وەزارەتە ڕەخنەباران دەکەن و پێیانوایە، بە جێبەجێکردنی ئەو ڕێنماییانە “ئازادیی ڕۆژنامەوانیی بەند دەکرێت” و بەمەترسیداری دەزانن بۆسەر ڕۆژنامەنووسان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن.
رێنمایی ژماره ١ی ساڵی 2023 تایبەت بە كاری میدیایی له ههرێمی كوردستان له 22ی مانگی ڕابردوو لە ڕۆژنامەی فەرمیی وەقایعیکوردستان بڵاوکراوەتەوە، لە 17 ماددە پێکهاتووەو لە دادگاکاندا لەپاڵ یاسای کاری ڕۆژنامەوانیی و یاساکانی دیکەدا کاری پێدەکرێت وسەرپێچیکردن لە بڕگەو ماددەکانی سزای یاسایی بەدواوە دەبێت.
بەپێی ڕێنماییەکە دەبێت میدیای بیستراو و بینراو و بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و کۆمپانیاکانی ڕیکلام لەماوەی ٣ مانگدا خۆیان لەگەڵ بڕگەو ماددەکانیدا بگونجێنن.
بەدواداچوونێکی پەرەگراف لەسەر ڕێنماییەکان