دژەتیرۆری كوردستان: هێرشێكی تیرۆریستی كرایە سەر بارەگای لیوای یەكی پاسەوانی سنوور لە باتیفا

05-07-2023 09:13
وێنەیەکى هێرشەکە کە لەلایەن پەیجى دژەتیرۆرى کوردستان لە فەیسبووک بڵاو کراوەتەوە

پەرەگراف

دژەتیرۆری كوردستان (پارتی) ڕایدەگەیەنێت "هێرشێكی تیرۆریستی بە درۆنی بۆمبڕێژكراو بۆ سەر بارەگای لیوای یەكی پاسەوانی سنوور لە ناوەندی قەزای باتیفا ئەنجام دراوە". ناڕاستەوخۆیش ئەنجامدانی هێرشەكە دەداتە پاڵ پەكەكە.

دژەتیرۆری كوردستان لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت "ئەمڕۆ چوارشەممە 5ی تەممووزی 2023، كاتژمێر 14:25 خولەك، درۆنێكی بۆمبڕێژكراو بارەگای لیوای یەكی پاسەوانی سنووری لە ناوەندی قەزای باتیفا لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ كردە ئامانج".

بەپێی ڕاگەیەندراوەكە، لە هێرشەكەدا "جگە لە زیانی ماددی، هیچ زیانێكی گیانیی نەكەوتووەتەوە".

دژەتیرۆی كوردستان (پارتی) وێنەیەكی هێرشەكەی بڵاو كردووەتەوە و دەڵێت "درۆنەكە لەنێوان گوندی دووكەرێ و بەروشكا سەعدوونی لە سنووری قەزای باتیفاوە ئاراستە كراوە، لەو ناوچەیەش چەكدارانی پەكەكە بوونیان هەیە".