پەرەگراف
فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان كۆتاییهێنان بە ئەركەكانی ڕاگەیاند و سەرۆكی فراكسیۆنەكە دەڵێت "بە هیچ شێوەیەك مووچەی مانگی شەش وەرناگرین".
زانا مەلا خالید، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا یاداشتێكی دوو خاڵیی خوێندەوە كە ئاراستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كردووە و تێدا هاتووە "هەڵبستن بە گرتنەبەری ڕێكاری یاسایی بۆ تەواوبوونی ماوەی ئەندامێتیی ئەندامانی فراكسیۆنی پارتی و نوێنەرمان لە دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان".
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە خاڵی دووەمدا دەڵێت "لە 1-6-2023ـوە مووچەی پەرلەمامانتاریمان ڕەت دەكەینەوە و داواتان لێ دەكەین مووچەی مانگی شەش بۆ پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی پارتیمان و نوێنەرمان لە دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان نەبەسترێت و بە هیچ شێوەیەك وەری ناگرین".
زانا مەلا خالید لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا وتیشی "لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2018، هاووڵاتیانی كوردستان بەرمەبنای كارنامەی پارتی، متمانەیان بە پارتی بەخشی و 45 كورسیی بەدەست هێنا، هەوڵماندا لە ئاستی ئەو متمانەی هاووڵاتیان و ئەو بەڵینانەدا بین كە بە جەماوەرمان دابوو".
"نوێنەرایەتیكردنی خەڵكی كوردستانمان بەوپەڕی مەسئولیەتەوە خستە سەر شانمان، لە ڕووانگەی ئەركی پارتیبوونمان و بەو مەبدەئە پیرۆزەی جەنابی سەرۆك بارزانی كە فەرمووی: نوێنەرایەتیی هەموو خەڵكی كوردستان بكەن، نەک تەنیا نوێنەرایەتیی پارتییەكان"، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی وای وت.