لە سلێمانی شەڕە تەقە لە نێوان ئاسایش و پۆلیس ڕوویداو بریندار ھەن

25-06-2023 11:16

پەرەگراف

بەیانیی ئەمڕۆ لە شەقامی شەست مەتریی سلێمانی شەڕە تەقە لە نێوان هێزەكانی ئاسایش و پۆلیسدا روویداو دوو بریندار ھەن، بە وتەی سەرچاوەیەکی ئەمنیی بۆ پەرەگراف.

سەرچاوکە کە بەھۆی ھەستیاریی پرسەکەو نەبوونی مۆڵەتی قسەکردن بۆ میدیا داوایکرد ناوی نەھێنرێت، وتیشی "شەڕەكە بەوھۆیەوە دروستبووە ئۆتۆمبێلێكی ئاسایش بەپێچەوانەی ئاڕاستەی شەقامەوە تێپەڕبوون و هێزەكانی پۆلیس رایانگرتوون، لەوكاتەدا دەمەقاڵێ لەنێوانیان روویداوە".

"بۆماوەی چەند خولەکێک تەقە لە لایەن ھەردوولاوە کراوەو زۆربەی تەقەکان ھەوایی بوون نەک روبەروی یەکتر، پاشان ھێزێکی دیکەی ئەمنیی گەیشتووەتە شوێنی ڕووداوەکەو دۆخەکە کۆنترۆڵ کراوە، دوو کارمەندی ئەمنیی بە سووکی برینداربوون" سەرچاوەکەی پەرەگراف وای وت.

پەرەگراف ھەوڵیدا لێدوانی فەرمیی و زانیاریی زیاتر لە پۆلیس و ئاسایشی سلێمانی وەربگرێت، بەڵام بەردەست نەبوون.

ئەوە یەکەمجارنییە شەڕو ڕوبەڕوبوونەوە لە نێوان ھێزە ئەمنییەکانی سلێمانی ڕووبدات، پێشتریش چەندینجار ئەو حاڵەتەھەبووەو قوربانیی لێکەوتووەتەوە.