گرووپی ڤاگنەر دوو شاری لە ڕووسیا كۆنترۆڵ كرد؛ 'چێشتلێنەر'ـەکەى پووتین بۆچى لێى هەڵگەڕاوەتەوە؟
پەرەگراف
گرووپی ڤاگنەر دوو شاری لە ڕووسیا كۆنترۆڵ كردووە و بە ئاراستەى مۆسکۆی پایتەخت پێشڕەوى دەكات، سەرۆكی گرووپەكە ڕایگەیاند كە "25 هەزار" چەكداری گرووپەكەی ئامادەی مردن لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ سوپای ڕووسیا. سەرۆکى ڕووسیاش ڕووداوەكە بە "خیانەتی نیشتمانی و خەنجەر لێدان لە پشتەوە" ناو دەبات و جووڵەی سەربازیی بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی ئەو شارانە دەست پێ كردووە.
لە دوایین پێشهاتدا، یاڤگینی پریگۆژین، سەرۆكی گرووپی چەكداریی ڤاگنەر، وەڵامى پووتینى داوەتەوە و بەڵێنى داوە کۆتایى بە "گەندەڵى و درۆ و بیرۆکراسی" لە ڕووسیا بهێنێت.
ئەمە یەکەمین جارە کە پریگۆژین ڕاستەوخۆ پووتین دەکاتە ئامانج، چونکە پێشتر بە سەربازێکى وەفادراى سەرۆکى ڕووسیا ناوى دەرکردبوو و نازناوى "چێشتلێنەرى پووتین"ى لێ نرابوو. پریگۆژین پێشتر لە جەنگى ئۆکرانیادا ڕەخنەى لە وەزیرى بەرگریى ڕووسیا و سەرۆکى ئەرکانى سوپا هەبوو.
پاش ئەوەی بەربەیانی ئەمڕۆ سەرۆكی گرووپی ڤاگنەر ڕایگەیاند كە هێزەكانیان لە ئۆكرانیا كشاونەتەوە و چوونەتە ناو شاری ڕۆستۆڤ لە باشووری ڕووسیا، دواتر كۆنترۆڵكردنی سەرجەم پێگە و خاڵە سەربازییەكانی ئەو شارەیان ڕاگەیاند، لە ئێستادا گرووپەكە و میدیای جیهانییش باس لە كۆنترۆڵی شاری (ڤۆرۆنێژ) لەلایەن گرووپی ڤاگنەرەوە دەكەن، شارەكە دەكەوێتە سەر ڕێگای شاری ڕۆستۆڤ بەرەو مۆسكۆی پایتەخت.
ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی بڵاو كراونەتەوە، دەری دەخەن كە چەكدارانی گرووپی ڤاگنەر دوو سیستەمی بەرگریی ئاسمانی لە جۆری پانتسیری ڕووسی بۆ ناو شاری ڤۆرۆنێژ دەگوازنەوە.

یاڤگینی پریگۆژین، سەرۆكی گرووپی چەكداریی ڤاگنەر، پێشتر بۆ ڕاگرتنی جووڵەی چەكدارەكانی بەرەو مۆسكۆ، مەرجی بینینی وەزیری بەرگری و سەرۆكی ئەركانی هێزە هاوبەشەكانی ڕووسیای دانا، بەڵام دواى وتارەکەى پووتین هەموو شتێگ گۆڕدراوە و پریگۆژین دەڵێت "هەموون ئامادەین بۆ مردن، هەر 25 هەزار كەسمان و دواتر 25 هەزار دیكەش ئامادەی مردنین".
ڕەمەزان قادیرۆڤ، سەرۆكی چیچان، كە لە شەڕی ئۆكرانیادا پاڵپشتیی لە پووتین و سوپاكەی كردووە، لەم بارودۆخەیشدا پاڵپشتیی بۆ دووپات كردووەتەوە و دەڵێت "دەبێت ئەم یاخیبوونە سەرکوت بکرێت".
ڕووسیا ئۆپەراسیۆنێكی تایبەتی بۆ كۆنترۆڵكردنی شارەکانی ڤۆرۆنێژ و ڕۆستۆڤ ڕاگەیاندووە و گاردی نیشتمانیى ڕووسی و چەكدارانی ڕەمەزان قادیرۆڤ بەرەو ناوچەکە جووڵەیان كردووە.
پاش ڕووداوەكانی شەوی ڕابردووی وڵاتەكەی، ئەمڕۆ ڤلادیمێر پووتین، سەرۆكی ڕووسیا، لە وتارێكدا ئەو پێشهاتانەی بە "خیانەتی ناوخۆیی و نیشتمانی" و "خەنجەر لێدان لە پشتەوە" ناو برد، هەڕەشەی "وەڵامی توند بۆ ئەو یاخیبوونە چەكدارییە"ی كرد.
پووتین وتی "هۆشداری دەدەمە چەكدارانی ڤاگنەر كە لە كاتێكدا ڕووسیا لە جەنگێكی سەختدایە، نەچنە ناو سەركێشییەكی تاوانكارییەوە. یاخیبوونی چەكداری، خەنجەرلێدانە لە پشتەوە و ئێمە بەرگری لە خۆمان دەكەین، خیانەتكاران سزای كارەكەیان وەردەگرن".
سەرۆكی ڕووسیا ئامانجی ئەو كەسانەی كە ئەم "یاخیبوون"ـەیان دەست پێ كردووە، بە "تەسلیمكردنی وڵات" ناو برد.
ڤلادیمێر پووتین جەختی كردەوە كە سوپای وڵاتەكەی لە ئامادەباشیدایە و لە مۆسكۆ "باری نائاسایی بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر" ڕاگەیەندراوە. وتیشی "گرووپی ڤاگنەر یاخیبوون و دەیانەوێت ڕووسیا بەرەو شەڕی ناوخۆ ببەن. بەرگریی لە ڕووسیا و هاووڵاتیانی دەكەین".
گرووپی ڤاگنەر كە ھاوشانی ڕووسیا شەڕی دژی ئۆكرانیا دەكرد، بانگەشەی ئەوە دەكات بە فەرمانی وەزیری بەرگریی ڕووسیا، هێرش كراوەتە سەر هێزەكانی و ژمارەیەكی زۆریان لێ كوژراوە.
دوێنێ هەینی 23-6-2023، یاڤگینی پریگۆژین، سەرۆكی گرووپی چەكدارایی ڤاگنەر، زنجیرەیەك پەیامی دەنگیی بڵاو كردەوە و تێیدا هەڕەشەی ئەوەی كرد كە بۆ "تۆڵەسەندنەوە" لە وەزیری بەرگریی ڕووسیا، خۆی 25 هەزار چەكداری لە ئۆكرانیا كشاونەتەوە و بەرەو مۆسكۆ دەڕۆن و هەركەس بێتە سەر ڕێیان "تێكی دەشكێنن".
لەگەڵ ئەوەشدا سەرۆكی گرووپی ڤاگنەر ڕەتی كردووەتەوە كە نیازی كودەتای هەبێت و دەڵێت "دەچم بەرەو مۆسكۆ بۆ بەرپاكردنی دادپەروەری".
ڕووسیا تۆمەتی هێرش بۆ سەر ئەو گرووپە ڕەت دەكاتەوە و داوایشی لە چەكدارانی گرووپی ڤاگنەر كردووە كە سەرۆكەكەیان دەستگیر و ڕادەست بە مۆسكۆ بكەن.
ئەو كوشتارە زۆرەی چەكدارانی گرووپی ڤاگنەر كە سەرۆكەكەیان بانگەشەی ئەوە دەكات دوێنێ هەینی 23-6-2023 لەلایەن سوپای ڕووسیا بە فەرمانی وەزیری بەرگری ئەنجام دراوە، هێشتا هیچ بەڵگەیەكی لەبارەوە بڵاو نەكراوەتەوە.
ئەمریكا و وڵاتانی ئەورووپا، ڕووداوەكە بە كێشەی ناوخۆیی ڕووسیا ناو دەبەن، بەڵام جەخت دەكەنەوە كە بە وردی چاودێریی ڕووداو و گۆڕانكارییەكان دەكەن.
سەرۆكی ڤاگنەر هۆشداریی داوە بە سوپای ڕووسیا كە ڕووبەڕووی گرووپەكەی نەبنەوە و ڕایگەیاندووە "هەر كەسێك ڕووبەڕوومان ببێتەوە، وەكوو هەڕەشەیەك مامەڵەی لەگەڵ دەكەین و تێكی دەشكێنین".
"ئەوانەی هاوڕێكانی ئێمەیان كوشت و بوونە هۆی مردنی دەیان هەزار سەربازی ڕووسیا، سزا دەدرێن"، پریگۆژین وا دەڵێت.
یاڤگینی پریگۆژین لە یەكێك لە تۆمارە دەنگییەكاندا ڕایگەیاند كە بەرەو ڕووسیا دەچێت تا بزانێت "ئەم ئاژاوەیە چییە لەم وڵاتەدا دروستكراوە". داوای پاڵپشتیش دەكات و دەڵێت "كێ دەیەوێت بەشداریمان لەگەڵدا بكات، با بێت، پێویستە كۆتایی بەم بێسەروبەرییە بهێنین".
هەروەها یاڤگینی پریگۆژین، سێرگی شۆیگۆی وەزیری بەرگریی ڕووسیای تۆمەتبار كردووە بەوەی كە بۆ وەرگرتنی پلەی مارشاڵی، جەنگی ئۆكرانیای هەڵگیرساندووە و پێی وایە ڕووسیا هیچ پاساوێكی بۆ هێرش كردنە سەر ئۆرانیا نەبووە.
سەرۆكی گرووپی ڤاگنەر مانگی پێشوویش لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا كە لەناو تەرمی چەكدارانی گرووپەكەیدایە، وەزیری بەرگری و فەرماندەی سوپای ڕووسیای تۆمەتبار كرد بەوەی كە بە بڕی پێویست چەك و پێداویستیی سەربازییان بۆ گرووپەكەی دابین نەكردووە.