پەرەگراف
پاش ئەوەی قائیمقامیەتی چەمچەماڵ دەستگیركردنی تۆمەتباری كوشتنی گەنجە شانۆكارەكەی ڕاگەیاند. دەزگای ئاسایشی هەرێم دەڵێت "تۆمەتبار هۆکاری کوشتنەکەی بۆ جیاوازیی بیروڕای ئایینی گەڕاندەوە".
ئێوارەی ئەمڕۆ قائیمقامیەتی چەمچەماڵ لە ڕاگەیەندراوێكدا وتی "دوای ئەوەی دوێنێ پێنجشەممە گەنجێك بە ناوی خواناس وریا لە ناوبازاڕی چەمچەماڵ كوژرا، تۆمەتباری بكوژ بە ناوی ( هـ، ك ، ح) لەژێر فشاری لیژنەی ئەمنیی چەمچەماڵدا خۆی ڕادەستی هێزە ئەمنییەكان كرد".
ئەمشەویش دەزگای ئاسایشی هەرێم جەختی لە دەستگیرکردنی تۆمەتباری کوشتنی خواناس وریا گلی کردەوە و دەڵێت "تۆمەتبار هۆکاری کوشتنەکەی بۆ جیاوازیی بیروڕای ئایینی گەڕاندەوە، دانی ناوە بەوەی کە چەند جارێک گفتوگۆیان کردووە و لێکتێنەگەیشتن ڕووی داوە".
كاتژێر 05:50ـی ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە 22-6-2023، لە ناوبازاڕی چەمچەماڵ، گەنجێكی تەمەن 25 ساڵ كە ناوی خواناس وریایە و شانۆكارە، لەلایەن ماتۆڕسوارێكەوە بە دەستڕێژی گولـلە كوژرا. تۆمەتبارەكە لە كامێراكانەوە دەركەوتووە و هەر زوو ناسرایەوە، بەڵام دوای 24 كاتژمێر لە ڕووداوەكە دەستگیر كرا.
ئاسیش دەڵێت "تۆمەتبارەکە لەدایکبووی ١٩٩٥ـە و بەپێی ماددەی ٤٠٦ لە یاسای سزادان لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت".
تۆمەتبارەکە کاریگەر بووە بە گوتارەکانی یەكێك لە بانگخوازرەكانی ڕەوتێكی سەلەفیەت و لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تیکتۆک بەردەوام گوتارەکانی ئەو مامۆستا ئایینییەی بڵاو کردووەتەوە. شەوی ڕابردوویش دوای كوشتنی خواناس، تۆمەتبارەکە لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك نووسیی "ڕێگە نادەم جنێو بە (رسول اللە) بدرێت".