پەرەگراف
وەزارەتی دارایی ھەرێم ڕایگەیاند، ڕۆژی یەکشەممە 400 ملیار دیناری شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دەخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەت.
ھاوکات سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی بە پەرەگرافی وت "دوای گەیشتنی پارەکە ڕاستەوخۆ خشتەی مووچەی سەرجەم ئەو وەزارەتانە بڵاودەکرێتەوە کە تائێستا مووچەیان وەرنەگرتووەو سەرجەمیان پێش جەژن مووچە وەردەگرن".
وەزارەتی دارایی لە پەیجی فەرمی خۆی لە فەیسبوک بڵاویکردەوە "ڕۆژی شەممە ٢٠٢٣/٦/٢٤ دابەشکردنی مووچە بەردەوام دەبێت و تا پێش جەژن مووچەی سەرجەم فەرمانبەران و مووچەخۆران دابەش دەکرێت".
لە کۆتایی مانگی شەش و ھاتنی جەژنی قوربان نزیک دەبینەوەو ھێشتا بەشێکی زۆر لە وەزارەتەکان و مووچەخۆران مووچەی مانگی پێنجیان وەرنەگرتووە.
حکومەتی هەرێم لە دۆخێکی خراپی دارایی و نەبوونی پارەدایە بەتایبەت دوای ئەوەی نزیکەی سێ مانگە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان وەستاوە بەهۆی داخستنی هێڵی بۆریی هەناردەکردن لەلایەن تورکیاوە کە زیانێکی زۆری بە ئابوری هەرێم و عێراق گەیاندووە.
تورکیا لە ٢٥ی ئادارەوە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکوکی ڕاگرتووە ئەوەش دوای بڕیارەکەی دادگای ناوبژیوانیی لە پاریس کە بڕیاریدا بە پێدانی یەک ملیارو ٥٠٠ ملیۆن دۆلار قەرەبوو لەلایەن تورکیاوە بە عێراق بەهۆی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە لە بەندەری جەیهانەوە بۆ بازاڕەکانی جیهان.
بۆریی هەناردەی نەوت ڕۆژانە نزیکەی ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی خاوی هەرێم و ٧٥ هەزار بەرمیل نەوتی کەرکوکی هەناردەی بەندەری جەیهان دەکرد، زیانی ئەو نزیکەی ٣ مانگ ڕاگرتنە دەوروبەری ٣ ملیار دۆلارە کە زۆرینەی بەر هەرێمی کوردستان دەکەوێت و ئەوەی دیکەی زیانی نەوتی کەرکوکە کە لە بودجەی عێراق کەوتووە.
هەرچەندە زیاتر لە دوو مانگە عێراق و هەرێمی کوردستان ڕێککەوتنیان واژۆ کردووە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم بە میکانیزمێکی نوێ و لە ڕێی کۆمپانیای سۆمۆی عێراقەوە، بەڵام تا ئەمڕۆ دەستی پێنەکردووەتەوە و هۆکارەکەشی لایەنی تورکیایە.
بەپێی یاسای بودجەی عێراق کە سەرەتای هەفتەی رابردوو لە پەرلەمان پەسەندکرا، هەرێمی کوردستان پێویستە رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغداد بکات بە مەبەستی هەناردەکردن یاخود بەکارهێنانی لە ناوخۆدا ئەوەش لە بەرامبەر ناردنی شایستە داراییەکانی.