دوو سزای لە سێدارەدان بۆ بكوژی دوو مامۆستاكەی زانكۆ دەركرا

22-06-2023 03:35

پەرەگراف

دوای ساڵێك لە ڕووداوەكە، ئەمڕۆ دادگای هەولێر لە حەوتەم دانیشتنی تایبەت بە كەیسەكەدا و بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی، دوو سزای لە سێدارەدانی بۆ بكوژی د. كاوان ئیسماعیل، ڕاگری كۆلێژی یاسای زانكۆی سەلاحەدین و د. ئیدریس حەمەخان، پرۆفیسۆری كۆلێژی ئەندازیاریی زانكۆی سەلاحەدین دەر كرد.

هەردوو سزاكە بەپێی خاڵەكانی (أ، هـ، ز) لە بڕگەی 1ی ماددەی 406 دەرچووە كە باس لە كوشت بە دەستی ئەنقەست و پلان بۆ داڕێژراو، هەروەها كوشتنی فەرمانبەر لە كاتی دەوامەكەی دەكەن.

سزاكە "توندترین سزایە" كە بەسەر تۆمەتبارەكەدا سەپێندراوە و ڕەوانەی دادگای پێداچوونەوەی هەرێم دەكرێت، دوای پەسەندكردنی لەلایەن دادوەرانی دەستەی گشتیی دادگاكەوە، ڕەوانەی سەرۆكایەتیی هەرێم دەكرێت بۆ پەسەندكردنی.

ڕۆژی 28-6-2022، قوتابییەكی زانكۆی سۆران لەسەر كێشەیەكی لەگەڵ مامۆستایەكی زانكۆكەی كە هاوسەری د. ئیدریس حەمەخان بووە، لە كاتژمێر 8:15ی بەیانیدا د. ئیدریس حەمەخانی لە ماڵەكەی خۆیدا و د. كاوان ئیسماعیلی لەناو بینای كۆلێژی یاسادا كوشت و پاسەوانێكی كۆلێژەكەش لە ڕووداوەكەدا بریندار بوو.

* وردەکاریی هۆكاری کوشتنی دوو مامۆستاکەی زانکۆی سەلاحەدین لەلایەن خوێندکارێکەوە