شەڕ لە نێوان ھەردوو حیزبی کۆمەڵە ڕوویدا لە زڕگوێز؛ دوو پێشمەرگە کوژران

22-06-2023 10:19
بارەگای سەرکردایەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان لە زڕگوێز. وێنە؛ پەرەگراف- ھەردی عوسمان.

پەرەگراف

ناکۆکییەکانی نێوان ھەردوو حیزبی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە ناوچەی زڕگوێزی سلێمانی شەڕەتەقەی تێکەوت و بەھۆیەوە دوو پێشمەرگە گیانیان لە دەستدا.

کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت "لە لایەنی کۆمەڵەی شۆڕشگێر و بە سەرپەرەشتی عەبدوڵای ئازەربار هێرش کراوەتەسەر فێرگە و ئوردوگا و بە قەناسە تەقە لە پێشمەرگە کراوە. بەداخێکی زۆرەوە تا ئێستا دوو پێشمەرگەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان بە ناوەکانی سامان ئیبراهیمی و هیوا سادقی گیانیان لە دەستداوە".

"لە دوێنێوەو دوای راگەیاندنی کۆتایی پرۆسەی یەکگرتنەوە لە لایەن ئێمەوە، دەستیان داوەتە هەموو جۆرە ئاژاوەیەک و عومەر ئیلخانیزادە لەناوەراستی ئوردوگاوە هاواری دەکرد با خوێن برژێ.  بۆیە زۆر هەوڵماندا کە ئەمە روو نەدا بەڵام ئەوان بۆ قەرەبووی شکستەکانیان لە هیچ کردەوەیەک و جینایەتێک  دەس ناپارێزن. بەرپرسایەتی شەهیدکردنی ئەم دوو پێشمەرگە لە ئەستۆی عەبدوڵا مۆهتەدی و عۆمەر ئیلخانیزادە ودەستە راستەکەیان عەبدوڵا ئازەربار (عەبە سوورە)".

لەبەرامبەرداو ھەر لەسەر ئەو شەڕو پێکدادانە‌ کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، ڕایگەیاند "لەدوای ئەوەی دوێنێ هاوڕێ عومەرئیلخانیزادە لەلایەن دەستەیەک دژی یەکگرتنەوەی کۆمەڵە، لەئۆردوگای بانەگەورە گەمارۆدرابوو بەنێوانگیریی هێزەکانی ئاسایش بارودۆخەکە ئارام بۆوە، بەڵام بەداخەوە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، سەرلەنوێ چەند کەسێکیان لەشاخ هێناوەتەوەو لەنێو ئۆردوگای بانەگەورە دەستیانکردوه‌ بەتەقە لەو شوێنەی ماڵی هاوڕێ عومەر ئێلخانیزادەی لێ بوە"

"بۆ ماوەی یەک سه‌عات لەناو ئۆردوگای بانەگەورە تەقەیەکی زۆر کراوە، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕیش هەموو بەرپرسیارێتی گیانی هاوڕێ عومەر ئێلخانیزادەو سەرجەم پێشمەرگەکانی کۆمەڵە دەخاتە ئەستۆی ئەو گروپەش کە نابەرپرسانە هەڵسوکەوت دەکەن" کۆمەڵەی شۆڕشگێڕیوادەڵێت.

ناکۆکییەکانی نێوان ھەردوو کۆمەڵەکە لەسەر چین؟

پاش چەند مانگێك لە یەكگرتنەوەی هەردوو كۆمەڵەی زەحمەتكێشانى ڕۆژهەڵاتی كوردستان و بەر لە ئەنجامدانی یەكەم كۆنگرە، دوو ڕۆژلەمەوبەر كۆمیتەی ناوەندیی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان شكستهێنانی یەكگرتنەوەكەی ڕاگەیاند، بەڵام كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران پێی وایە سكرتێری كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان دژی بڕیاری جیابوونەوەكەیە و وتی "عومەر ئیلخانیزادە گەمارۆ دراوە".

بەپێی زانیارییەكانی پەرەگراف كە لە سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە، باڵێكی ناو كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان كە هەر لەسەرەتاوە دژی یەكگرتنەوەكە بوون بەو شێوەیەی ئێستا و بە "تەسلیمبوون" بە كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێرانیان ناو بردووە، چەند ڕۆژێكە ئامادەكاری بۆ ڕاگەیاندنی جیابوونەوە دەكەن تا بە فەرمی لە بەیاننامەیەكدا ڕایانگەیاند، بەڵام عومەر ئیلخانیزادەى سكرتێری حیزبیان لەگەڵدا نییە.

لە ڕاگەیەندراوێكدا كە بە ناوی (كۆمیتەی ناوەندیی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان) بڵاو كراوەتەوە، هاتووە "لە دوای تێپەڕبوونی چەندمانگ لە ڕاگەیەندنی دەسپێكی پرۆسەی یەكگرتنەوە و ئامادەكاری بۆ گرتنی كۆنگرەی هاوبەش، دەبێ ڕابگەیەنین كە بەهۆی بەڕێوەنەچوونیڕێككەوتنەكان و لادان لە ئامانجەكانی یەكگرتنەوە و ناكۆكیی سیاسی، ئەم پرۆسەیە بە سەرەنجام نەگەیشت".

كۆمیتەی ناوەندیی كۆمەڵەی زەحمەتكێشان جارێكی دیكە سەربەخۆیی حیزبەكەی ڕاگەیاندووە و دەڵێت "لەمڕۆە كۆمەڵەی زەحمەتكێشانیكوردستان ژیانی سیاسی خۆی درێژە پێ دەدەدات".

لە وەڵامی ڕاگەیەندراوەكەی كۆمەڵەی زەحمەتكێشان، دوێنێ كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران ڕایگەیاند "لە ڕێگەیئەم ڕاگەیاندراوەوە ڕایگشتیی كوردستان ئاگادار دەكەینەوە كە هاوڕێ عومەری ئیلخانیزادە ئەمشەو ڕێكەوتی ٢١ی ژوئەن بەرانبەر بە ٣١ یجۆزەردانی ساڵی ١٤٠٢ی هەتاوی، لە ماڵەكەی خۆی لە ئۆردوگای بانەگەورە گەمارۆ دراوە".

كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشان دەشڵێت "هەڵسوكەوتی لەم شێوەیە دوورە لە هەموو پرەنسیپێكی حیزبی و ئەخلاقی و بە هیچ شێوەیەكڕێگەپێدراو نییە. بكەرانی ئەم كردەوە نابەرپرسانەیە دەبێ وەڵامدەرەوەی دۆست و دڵسۆزانی كۆمەڵە و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستانبن".

حیزبی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان كە عومەر ئیلخانیزادە سەرۆكایەتیی دەكات، لە ساڵی 2007 لە حزبی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران كە ئێستا عوبدوڵڵا موهتەدی سەرۆكایەتیی دەكات، جیا بووەوە.

دوای 15 ساڵ جیابوونەوە، ڕۆژی 20-11-2022، لە ڕێوڕەسمێكدا لە ستۆكهۆڵمی پایتەختی سوید، حیزبەكانی (كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان و كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران) بە فەرمی یەكگرتنەوەیان ڕاگەیاند.

بەشێك لە كادیر و ئەندامانی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان پاش نزیكەی دوو مانگ لە یەكگرتنەوەكە، لە ڕاگەیەندراوێكدا پرۆسەكەیانبە "گەڕانەوە"ی حیزبەكەیان بۆ ناو كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشان ناو برد نەك "یەكگرتنەوە".

بەشێك لە ناڕەزایی ئەو كادیرانە ئەوە بوو كە ناوی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران و سكرتێر و لۆگۆی حیزبەكەوەكوو خۆیان دەمێننەوە و هیچ گۆڕانكارییەكیان تێدا ناكرێت، ئەوەش "گەڕانەوە"یە بۆ ناو حیزبی یەكەم، نەك "یەكگرتنەوە".

كۆمیتەی ناوەندیی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان لە بەیاننامەكەی شەوی ڕابردوویدا دەڵێت "لە پێناو یەكڕیزی و یەكخستنەوەی ئەم دوو بەشەی كۆمەڵە، كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان بە هەستكردن بە بەرپرسیارێتی و دڵفراوانییەوە هاتە مەیدان و هەوڵی بێوچانی دا،بەڵام وا دەركەوت ئەم پرۆسەیە بۆ ئەو هاوڕێیانە تەنیا هەوڵ بۆ لەناوبردنی كۆمەڵەی زەحمەتكێشان لەپێناو مەبەستە سیاسییە تەسكەكانی خۆیاندا بووە".

بەپێی ئەو زانیارییانەی كە پەرەگراف لە سەرچاوەیەكی ئاگادار لە كیشەكانی هەردوو كۆمەڵەی زەحمەتكێشان وەری گرتووە، ڕەخنەیەكی دیكەی باڵی ناڕازیی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان لە كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشان، نزیكبوونەوە بووە لە هەندێك لایەنەیئۆپۆزسیۆنی ئێران بە تایبەت "كوڕی شای ئێران" كە ئێستا لە ئەمریكا دەژی.

عومەر ئیلخانی زادە، سەرۆكی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان و عەبدوڵڵا موهتەدی، سەرۆكی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران، هەردووكیان خەڵكی شاری بۆكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستانن.

بەپێی سەرچاوەكەی پەرەگراف، عومەر ئیلخانی زادە و ئەو بەشەی سەركردە و كادیرانی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان كە خەڵكی شاری بۆكانن، لەگەڵ درێژەدان بە یەكگرتنەوەی هەردوو حیزبەكەدان.

كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان كۆتا كۆنگرەی لە ساڵی 2012دا بەستووە، لە كاتێكدا وەكوو باڵی ناڕازی دەڵێن، "دەبوو كۆنگرە سێساڵ دواتر بگیردرێت، بەڕێوە نەچووە و حەوت ساڵ بەسەر ناڕەوابوونی ئەو كۆمیتە ناوەندییە تێپەڕیوە. بەپێی پەیڕەویش، سكرتێر تەنیادەتوانێ دوو دەورەی لەسەر یەك (دوو كۆنگرەی لەسەر یەك) مافی خۆكاندیدكردنی بۆ پۆستی سكرتێر هەبێ".

باڵی ناڕازیی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان پێی وا ڕازیبوونی باڵەكەی دیكە بە یەكگرتنەوەی كۆمەڵە بەم شێوەیەی ئێستا، لەبەر ئەوەبووە "نەكا پۆستی سكرتێری كۆمەڵە لە پرۆسەیەكی دیموكراتیكدا دەستاودەست بكرێ، بەم شێوە ئەو ئاواتە كوێر بێتەوە كە كەسێكی دیكەهیچكات مەجالی تەنانەت بیركردنەوە لەو پۆستەی هەبێ جیا لە یەك كەس یان لە نێوان دوو بنەماڵە".