مەسروور بارزانی: نابێت چیتر ئەنجامدانی هەڵبژاردن دوا بخرێت

21-06-2023 04:31

پەرەگراف

مەسروور بارزانی لە كۆبوونەوەی لەگەڵ جینین پلاسخارت ڕایگەیاندووە "نابێت چیتر ئەنجامدانی هەڵبژاردن دوا بخرێت و بكرێتە قوربانی خواست و ئارەزووی هیچ هێز و لایەنێك".

مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی كاربەڕێكەری هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە جینین پلاسخارت، نوێنەری سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق كردووە و تەوەرێكی سەرەكیی كۆبوونەوەكە، تایبەت بووە بە تاوتوێكردنی دۆخی هەرێمی كوردستان.

ماڵپەڕی حكومەتی كاربەڕێكەری هەرێمی كوردستان دەڵێت "هەردوو لا هاوڕا بوون لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە زووترین كاتدا".

لە دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق کە درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان و بڕیار و یاسا دەرکراوەکانی لە ماوەی دڕێژکردنەوەی تەمەنیدا هەڵوەشاندەوە، کە یەکێکیان کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن بوو، ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەبێت لەلایەن کۆمسیۆنی عێراقەوە سەرپەرشتی بکرێت.

پاش بڕیارەكە، شاندێکی سەرۆکایەتیی ھەرێم سەردانی بەغدادی کرد و لەگەڵ کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنی عێراق کۆبووەوە. ڕۆژی 15-6-2023یش نێچیرڤان بارزانی بە ئامادەیی جینین پلاسخارت، نوێنەری سكرتێری نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ عێراق، لە سەرۆكایەتیی هەرێم لەگەڵ كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق كۆبووەوە.

سەرۆكایەتیی هەرێم دەڵێت، كۆمسیۆن ئامادەیی نیشان داوە "دوای دەستەبەركردنی پێداویستییەكان و ڕێككەوتن لەسەر كاتێكی گونجاو، هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان بەڕێوە ببات".

سەرۆكایەتیی هەرێم دەشڵێت "سەرۆك نێچیرڤان بارزانی دووپاتی كردەوە كە هەرچی زووە هەنگاو بنرێ بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان. لەمبارەیەوە بەڕێزیان ئامادەیی سەرۆكایەتیی هەرێم و حكوومەت و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستانی بۆ سەرخستنی پرۆسەكە دەربڕی".

هەرچەندە بەرپرسانی هەرێم چەندین جار جەختیان لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەمساڵدا كردووەتەوە، بەڵام كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە كۆتایی ئەمساڵدا هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق بەڕێوە دەبات و ڕایشیگەیاندووە كە ناتوانێت هەردوو هەڵبژاردنەكە پێكەوە ئەنجام بدات، هەر بۆیە پێشبینی دەكرێت ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكەوێتە بەهاری ساڵی داهاتوو.