كێشە لە یەكگرتنەوەی هەردوو كۆمەڵەی زەحمەتكێشاندا دروست بوو؛ ناكۆكییەكان لەسەر چین؟

21-06-2023 02:49

پەرەگراف

پاش چەند مانگێك لە یەكگرتنەوەی هەردوو كۆمەڵەی زەحمەتكێشانى ڕۆژهەڵاتی كوردستان و بەر لە ئەنجامدانی یەكەم كۆنگرە، شەوی ڕابردوو كۆمیتەی ناوەندیی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان شكستهێنانی یەكگرتنەوەكەی ڕاگەیاند، بەڵام كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران پێی وایە سكرتێری كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان دژی بڕیاری جیابوونەوەكەیە و دەڵێت "عومەر ئیلخانیزادە گەمارۆ دراوە".

بەپێی زانیارییەكانی پەرەگراف كە لە سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە، باڵێكی ناو كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان كە هەر لە سەرەتاوە دژی یەكگرتنەوەكە بوون بەو شێوەیەی ئێستا و بە "تەسلیمبوون" بە كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێرانیان ناو بردووە، چەند ڕۆژێكە ئامادەكاری بۆ ڕاگەیاندنی جیابوونەوە دەكەن و شەوی ڕابردوو بە فەرمی لە بەیاننامەیەكدا ڕایانگەیاندووە، بەڵام عومەر ئیلخانیزادەى سكرتێری حیزبیان لەگەڵدا نییە.

لە ڕاگەیەندراوێكدا كە بە ناوی (كۆمیتەی ناوەندیی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان) بڵاو كراوەتەوە، هاتووە "لە دوای تێپەڕبوونی چەند مانگ لە ڕاگەیەندنی دەسپێكی پرۆسەی یەكگرتنەوە و ئامادەكاری بۆ گرتنی كۆنگرەی هاوبەش، دەبێ ڕابگەیەنین كە بەهۆی بەڕێوەنەچوونی ڕێككەوتنەكان و لادان لە ئامانجەكانی یەكگرتنەوە و ناكۆكیی سیاسی، ئەم پرۆسەیە بە سەرەنجام نەگەیشت".

كۆمیتەی ناوەندیی كۆمەڵەی زەحمەتكێشان جارێكی دیكە سەربەخۆیی حیزبەكەی ڕاگەیاندووە و دەڵێت "لەمڕۆە كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان ژیانی سیاسی خۆی درێژە پێ دەدەدات"

لە وەڵامی ڕاگەیەندراوەكەی كۆمەڵەی زەحمەتكێشان، ئەمڕۆ كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران ڕایگەیاند "لە ڕێگەی ئەم ڕاگەیاندراوەوە ڕایگشتیی كوردستان ئاگادار دەكەینەوە كە هاوڕێ عومەری ئیلخانیزادە ئەمشەو ڕێكەوتی ٢١ی ژوئەن بەرانبەر بە ٣١ ی جۆزەردانی ساڵی ١٤٠٢ی هەتاوی، لە ماڵەكەی خۆی لە ئۆردوگای بانەگەورە گەمارۆ دراوە".

كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشان دەشڵێت "هەڵسوكەوتی لەم شێوەیە دوورە لە هەموو پرەنسیپێكی حیزبی و ئەخلاقی و بە هیچ شێوەیەك ڕێگەپێدراو نییە. بكەرانی ئەم كردەوە نابەرپرسانەیە دەبێ وەڵامدەرەوەی دۆست و دڵسۆزانی كۆمەڵە و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان بن".

حیزبی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان كە عومەر ئیلخانیزادە سەرۆكایەتیی دەكات، لە ساڵی 2007 لە حزبی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران كە ئێستا عوبدوڵڵا موهتەدی سەرۆكایەتیی دەكات، جیا بووەوە.

دوای 15 ساڵ جیابوونەوە، ڕۆژی 20-11-2022، لە ڕێوڕەسمێكدا لە ستۆكهۆڵمی پایتەختی سوید، حیزبەكانی (كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان و كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران) بە فەرمی یەكگرتنەوەیان ڕاگەیاند.

بەشێك لە كادیر و ئەندامانی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان پاش نزیكەی دوو مانگ لە یەكگرتنەوەكە، لە ڕاگەیەندراوێكدا پرۆسەكەیان بە "گەڕانەوە"ی حیزبەكەیان بۆ ناو كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشان ناو برد نەك "یەكگرتنەوە".
بەشێك لە ناڕەزایی ئەو كادیرانە ئەوە بوو كە ناوی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران و سكرتێر و لۆگۆی حیزبەكە وەكوو خۆیان دەمێننەوە و هیچ گۆڕانكارییەكیان تێدا ناكرێت، ئەوەش "گەڕانەوە"یە بۆ ناو حیزبی یەكەم، نەك "یەكگرتنەوە".

كۆمیتەی ناوەندیی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان لە بەیاننامەكەی شەوی ڕابردوویدا دەڵێت "لە پێناو یەكڕیزی و یەكخستنەوەی ئەم دوو بەشەی كۆمەڵە، كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان بە هەستكردن بە بەرپرسیارێتی و دڵفراوانییەوە هاتە مەیدان و هەوڵی بێوچانی دا، بەڵام وا دەركەوت ئەم پرۆسەیە بۆ ئەو هاوڕێیانە تەنیا هەوڵ بۆ لەناوبردنی كۆمەڵەی زەحمەتكێشان لەپێناو مەبەستە سیاسییە تەسكەكانی خۆیاندا بووە".

بەپێی ئەو زانیارییانەی كە پەرەگراف لە سەرچاوەیەكی ئاگادار لە كیشەكانی هەردوو كۆمەڵەی زەحمەتكێشان وەری گرتووە، ڕەخنەیەكی دیكەی باڵی ناڕازیی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان لە كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشان، نزیكبوونەوە بووە لە هەندێك لایەنەی ئۆپۆزسیۆنی ئێران بە تایبەت "كوڕی شای ئێران" كە ئێستا لە ئەمریكا دەژی.

عومەر ئیلخانی زادە، سەرۆكی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان و عەبدوڵڵا موهتەدی، سەرۆكی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران، هەردووكیان خەڵكی شاری بۆكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستانن.

بەپێی سەرچاوەكەی پەرەگراف، عومەر ئیلخانی زادە و ئەو بەشەی سەركردە و كادیرانی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان كە خەڵكی شاری بۆكانن، لەگەڵ درێژەدان بە یەكگرتنەوەی هەردوو حیزبەكەدان.

كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان كۆتا كۆنگرەی لە ساڵی 2012دا بەستووە، لە كاتێكدا وەكوو باڵی ناڕازی دەڵێن، "دەبوو كۆنگرە سێ ساڵ دواتر بگیردرێت، بەڕێوە نەچووە و حەوت ساڵ بەسەر ناڕەوابوونی ئەو كۆمیتە ناوەندییە تێپەڕیوە. بەپێی پەیڕەویش، سكرتێر تەنیا دەتوانێ دوو دەورەی لەسەر یەك (دوو كۆنگرەی لەسەر یەك) مافی خۆكاندیدكردنی بۆ پۆستی سكرتێر هەبێ".

باڵی ناڕازیی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان پێی وا ڕازیبوونی باڵەكەی دیكە بە یەكگرتنەوەی كۆمەڵە بەم شێوەیەی ئێستا، لەبەر ئەوە بووە "نەكا پۆستی سكرتێری كۆمەڵە لە پرۆسەیەكی دیموكراتیكدا دەستاودەست بكرێ، بەم شێوە ئەو ئاواتە كوێر بێتەوە كە كەسێكی دیكە هیچكات مەجالی تەنانەت بیركردنەوە لەو پۆستەی هەبێ جیا لە یەك كەس یان لە نێوان دوو بنەماڵە".