پەرەگراف
دادگای هەولێر ئەمڕۆ سزای بەسەر پێنج کەسی دیکەدا سەپاند کە وەک تۆمەتبار لە دۆسیەی کوشتنی هاوکار جاف دەستگیر کرابوون.
بنەماڵەی هاوکار جاف لە پەیامێکدا ڕایگەیاند "ئهمڕۆ دادگای تاوانی هەولێر، دوو کەسی لەسەر کەیسی تیرۆركردنى هاوکار جاف بە زیندانیکردنی هەتا هەتایی و سێ کەسی دیکەی یەکی بە حەوت ساڵ زیندانیکردن سزا دا".
هەر لە دۆسیەی تیرۆرکردنی هاوکار جاف، دادگا بڕیاری دا بە بێتاوانیی تۆمەتبارێک کە خاوەنی ئەو شوقەیە بووە کە تۆمەتبارەکان تێیدا ماونەتەوە.
ئەو کەسانەی سزا دران سەر بە دژەتیرۆری یەکێتین و دوای ڕووداوی کوشتنی هاوکار جاف لە مانگی ١٠ی ساڵی ڕابردوو، ڕاستەوخۆ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی هەولێرەوە دەستگیر کران و ئەمڕۆ بە ماددەی ٢ی تیرۆر حوکمیان بەسەردا سەپێندرا بە ئامادەبوونی پارێزەرو کەسوکاریان.
سەرەتای ئەم مانگەش دادگای هەولێر لەسەر هەمان دۆسیە سزای لەسێدارەدانی بۆ وەهاب هەڵەبجەیی، بەرپرسی دەزگای دژەتیرۆری یەكێتی و پێنج بەرپرسی دیکەی دژەتیرۆری یەکێتی دەرکرد بەبێ ئامادەبوونی خۆیان لە دادگا.
پێشتر دادگای هەولێر داوای ئامادەبوونی تۆمەتبارانی دۆسیەكەی كردووە، بەڵام ئەوان و یەكێتیش وەك حیزب ڕەتیان كردەوە بچنە دادگا و ڕایانگەیاند كە دان بە هیچ قۆناغێكی ئەو دۆسیەیەدا نانێن لە لێكۆڵینەوەوە تا دادگاییكردن و دواین بڕیاری دادگاش.
پێشتریش بافڵ تاڵەبانی سەرەتای مانگی ٣ی ئەمساڵ لە كۆڕبەندی ساڵانەی كەناڵی ڕووداو لە هەولێر ڕایگەیاند، بە خەویش نایبینن یەك كەس لەو داواكراوانە ڕادەست بكات.
لە دوای كوژرانی ھاوكار جاف لە ھەولێر و تۆمەتباركردنی بەرپرسانی دژەتیرۆری یەكێتی بە ئەنجامدانی ئەو كارە لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمەوە، گرژییەكانی نێوان پارتی و یەكێتی پەرەیان سەند و بەوهۆیەوە قوباد تاڵەبانی و تیمی وزاریی یەكێتی ماوەی زیاتر لە ٦ مانگ بایكۆتی كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی وەزیرانیان كرد.
هاوكار جاف، ئەفسەری دەزگای زانیاریی یەكێتی و نزیك لە لاهوور شێخ جەنگی بوو، ٧ی ئۆكتۆبەری ٢٠٢٢ بە بۆمبی لكێندراو ئۆتۆمبێلەكەی لە هەولێر تەقێندرایەوە و خۆی كوژراو، ژن و كچ و خوشكێكیشی بریندار بوون.
دوای ٥ ڕۆژ لە ڕووداوەكە، ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی كوردستان ئەنجامی لێكۆڵینەوەی ئاشكرا كرد و گرووپێكی "دژەتیرۆری یەكێتی"ی بە ئەنجامدەری ھێرشەكە لەقەڵەم دا و ناسنامەیانی ئاشكرا كرد.
دواتر دژەتیرۆری یەكێتی تۆمەتباركردنی بەرپرسانی دەزگاكەی بە كوشتنی عەقید هاوكار جاف ڕەت كردەوە و ڕایگەیاند، تەواوی ئەو ڕووداوە بە پیلانی پاراستن و تیمێكی دیاریكراو جێبەجێ كراوە.