پەرەگراف- ھەولێر
لە هەولێر زاوایەکی تەمەن ١٨ ساڵ تەقەی لە ماڵی خەزووری کرد، هاوژینەکەی خۆیی کوشت کە تەمەنی ٢٠ ساڵەو و ژنخوشکێکیشی بریندار کرد کە تەمەنی ١٦ ساڵە، ئاساشی هەولێر دەستگیرکردنی تەقەکەرەکەو ئەو کەسەشی ڕاگەیاند کە چەکەکەی پێداوە.
ڕووداوەکە شەوی ڕابردوو ڕوویداوە، ئاسایشی هەولێر ڕایگەیاند "تۆمەتبار بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی لە گەڕەکی ئەندازیاران شاری هەولێر هێرش دەکاتەسەر ماڵی خەزورانی و بەچەکی جۆری کلاشینکۆف دەستڕێژی گولەی کردوە".
"لە ئەنجامدا بۆتەهۆی کوژرانی هاوسەرەکەی بەناوی(ئەڤین)و برینداربونی خوشکی هاوسەرەکەی بەناوی(پەیمان)، دواتر تۆمەتبار خۆی ڕادەستی بەڕێوەبەرایەتییەکەمان کردوە، هەروەها ئەو تۆمەتبارەی کە چەکەکەی بە تۆمەتبار داوە لەسەر فەرمانی بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەلێر لەلایەن هێزەکانمانەوە دەستگیر کراوەو لێکۆڵینەوە لەگەڵ تۆمەتباران بەردەوامە" ئاسایشی هەولێر وادەڵێت.
باوکی کچە کوژراوەکە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی "زاواکەم کچەکەمی هێناوەتەوەو شەوێک لای من بووەو دواتر هاتووەتەوە بەدوایدا بیباتەوە، کچەکەم وتی ناڕۆمەوە دەمکوژێت".
ئەو دوو هاوسەرە چوار مانگە هاوسەرگیرییان کردووە، باوکی کچەکە دەڵێت زاواکەی "دوو کەسی دیکەشی لەگەڵدا بووەو یەک مەخزەن فیشەکی بە دوو کچەکەیەوە ناوە".
کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی باوکی کچەکە