مەسروور بارزانی گەیشتە توركیا و لەگەڵ ئەردۆغان كۆدەبێتەوە

20-06-2023 11:32

پەرەگراف

مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی كاربەڕێكەری هەرێم، بە سەردانێكی پێشتر ‏ڕانەگەیندراو گەیشتە توركیا و لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، ‏سەرۆككۆماری ئەو وڵاتە كۆدەبێتەوە.‏

بەپێی ڕاگەیەندراوی حكومەتی كاربەڕێكەری هەرێم، مەسروور بارزانی لەگەڵ وەزیری ‏دەرەوە و بەرپرسانی باڵای دیكەی حكومەتی نوێی توركیا كۆدەبێتەوە و ‏لە كۆبوونەوەكاندا "گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی ‏هەرێمی كوردستان و توركیا و دوایین پێشهات و پەرەسەندنەكانی عێراق ‏و ناوچەكە دەكرێت".‏

چاوەڕوان دەكرێت تەوەری سەرەكیی كۆبوونەوەكان پرسی ‏دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بێت، كە دوێنێ‌ ‏كۆبوونەوەی نێوان بەرپرسانی وزەی توركیا و عێراق و هەرێم ‏لەوبارەیەوە لە بەغداد بەڕێوە چوو.‏

لەبارەی ئەنجامی كۆبوونەوەكەوە، بەرپرسێكی كەرتی نەوتی عێراق بە ‏ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە "كۆبوونەوەكە گفتوگۆی چڕی بەخۆوە ‏بینی لەبارەی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوت، بەڵام بابەتەكە ‏هێشتا پێویستی بە گفتوگۆی زیاترە".‏
هەروەها ئەو بەرپرسە عێراقییە ئاماژەی بەوە كردووە "لە سەرجەم ‏بوارە تەكنیكییەكانی پەیوەست بە دووبارە دەستپێكردنەوەی هەناردەی ‏نەوت گفتوگۆ كراوە، بەڵام بڕیاری دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت ‏نەدراوە و پێویستی بە كۆبوونەوەی زیاترە".‏

هاوكات بەرپرسێكی دیكەی نەوتی عێراق بۆ ڕۆیتەرز ئاشكرای كردووە ‏كە توركیا لە دانوستانەكاندا باسی ئەو سزا ماددییەی كردووە كە دادگای ‏پاریس بەسەریدا سەپاندووە و دەیەوێت سزاكە لەسەر خۆی سووك بكات.‏

دوای ئەوەی عێراق دۆسیە یاساییەکەی لە دادگای ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی لەسەر هەناردەکردنی ‏نەوتی هەرێمی کوردستان لە تورکیا بردەوە، ئەنقەرە دەبێت دەوروبەری ملیارێک و ٥٠٠ ملیۆن ‏دۆلار وەکوو قەرەبوو بداتە عێراق‎.‎

دوای نزیكەی سێ مانگ لە ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان ‏و كەركووك لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە، توركیا و عێراق ‏گفتوگۆكانیان بۆ چارەسەر دەست پێ‌ كردووە. بڕیارە چیتر حكومەتی ‏عێراق لە ڕێگەی كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)وە نەوتی ‏هەرێم هەناردە بكات.‏

ڕۆژی ‏‎24‎‏ی ئاداری ئەمساڵ، ماڵپەڕی ئاڕگوسی بەریتانی ئاشكرای كرد ‏كە عێراق بە فەرمی لەلایەن توركیاوە ئاگادار كراوەتەوە لەوەی كە ‏لەمەودوا نەوتی هەرێمی كوردستان بەبێ‌ ڕەزامەندیی عێراق هەناردە ‏ناكات. لە ڕۆژی 25ی مانگیش بە فەرمی هەناردەی نەوتەكەی ڕاگرت.‏

بڕیارەكەی توركیا پاش ئەوە هات كە دادگای ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە ‏پاریس لە ڕۆژی پێنجشەممە 23-3-2023، لە دۆسیەی هەناردەكردنی ‏نەوتی خاوی هەرێمی كوردستان لە دژی توركیا و بەرژەوەندیی عێراق ‏بڕیاری دەركرد.‏

لە 25-3-2023 وەزارەتی نەوتی عێراق بە فەرمی ڕایگەیاند، سكاڵای دژی هەناردەكردنی ‏نەوتی هەرێمی كوردستانی لە دادگای پاریس بردووەتەوە و لەمەودوا "كۆمپانیای بەبازاڕكردنی ‏نەوتی عێراق (سۆمۆ) تاكە لایەنی ڕێگەپێدراوە بە هەناردەكردنی نەوت لە ڕێگەی بەندەری ‏جەیهانی توركییەوە‎".‎

وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی حكومەتی هەرێمیش هیچ بەرهەڵستییەكی ‏بڕیارەكەی دادگای پاریسى نەكرد و وتی "بڕیاری دادگای فەرەنسی لە بەرژەوەندیی حكومەتی ‏عێراق دژی توركیا، ڕێگر نابێت لە پەیوەندیەكانمان لەگەڵ حكومەتی بەغدا‎".‎

هەر لە دوای بڕیارەكەی دادگای پاریس، حكومەتی هەرێم بە پەلە شاندی ‏ناردە بەغدا و دەستی بە دانوستان كرد، دواتریش ڕێككەوتنێك لە نێوان ‏هەردوو سەرۆكوەزیرانی عێراق و هەرێم و وەزیرانی نەوت و وزە واژوو ‏كرا.‏

بەپێی ڕێككەوتنەكە، حكومەتی هەرێم بە ناچاری ڕازی بوو بە ‏ڕادەستكردنی نەوت و هەناردەكردنی لە بەغداوە، كە وەزارەتی نەوتی ‏عێراق پێشتر ڕایگەیاند ئەوە تاكە ڕێگەیە لەبەردەم حكومەتی هەرێمدا.‏

چەند ڕۆژێك پاش بڕیارەكەش، جووتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی ھەرێم، وتی ‏‏"بڕیارەکەی دادگای پاریس بەشێکە لە تەحەداکردنی ئەو پێشکەوتنەی لە هەرێمی کوردستاندا هەیە و بۆلاوازکردنی کوردستانە".‏

كۆمپانیای ئێنێرجی ئینتێلجنس كە دەزگایەكی زەبەلاحی ئەمریكییە و ‏تایبەتە بە بڵاوكردنەوەی زانیاری لەسەر كەرتی وزە لە جیهان، ‏بڕیارەكەی دادگاكەی پاریس بە "كۆتاییهاتنی یاریی كەرتی سەربەخۆی ‏نەوتی كوردستان" ناو دەبات.‏

كۆمپانیاكە لە ڕاپۆرتێكدا ئەوە دەخاتەڕوو، ئەگەر هەناردەی نەوتی ‏هەرێم دەست پێ بكاتەوە، لەژێر كۆنتڕۆڵی كۆمپانیای سۆمۆی عێراقیدا ‏دەبێت، ئەوەش لێدانە لە سەربەخۆفرۆشتنی نەوت لەلایەن حكومەتی ‏هەرێمەوە و كۆتایی ئەو سەردەمەیە.‏

ئێنێرجی ئینتێلجنس لە ساڵی 1951 دامەزراوە و بارەگای لە نیویۆرك، ‏واشنتۆن، هیوستن، لەندەن، سەنگاپور، مۆسكۆ، دوبەی و بەیروت هەیە، ‏ئاماژە بەوەش دەكات، گەشەسەندنی كەرتی سەربەخۆی نەوتی هەرێمی ‏كوردستان هەندێك كەسی لە هەرێمەكە زۆر دەوڵەمەند كردووە و نەوت ‏بە هۆكار و پاڵنەری ڕیفراندۆمەكەی ئەیلولی ٢٠١٧ ناو دەبات كە بە ‏‏"ڕیفراندۆمێكی بەدبەخت بۆ سەربەخۆیی" وەسفی كردووە.‏