دۆسیەی زەوییە کشتوکاڵییەکانی کەرکوک دەبرێتە دادگای فیدراڵی عێراق

19-06-2023 03:03
كەركوك/ 2020/ كێڵگەیه‌كی كشتوكاڵی له‌ ناوچەی هەفتەغاری قەزای داقوق. فۆتۆ: كەركوك ناو

پەرەگراف

دۆسیەی خاوەندارێتی زەوییە کشتوکاڵییەکانی کەرکوک کە ٢٠ ساڵە جێگەی ناکۆکی و مشتومڕە برایە دادگای فیدراڵی عێراق و ئەمڕۆ، یوسف محەمەد سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان و دیلان غەفور پەرلەمانتاری کەرکوک، پێکەوە دوو داوای یاساییان لەسەر تۆمار کرد.

دیلان غەفور بە پەرەگرافی وت "داواکەمان تایبەتە بە دۆسیەی زەوییە کشتوکاڵییەکان کە چەندین ساڵە جوتیارانی کورد پێوەی دەناڵێنن، دۆسیەکەمان بەهێزەو داکۆکی تەواو لە مافی جوتیاران دەکەین".

هاوکات یوسف محەمەد دەڵێت، دوو داوا یاساییەکەیان بۆ چارەسەری بنبڕی کێشەی جوتیارانە بەتایبەت لە ناوچەکانی سەرگەڕان و داقوق، "ئەوەش بەرھەمی زیاتر لە حەوت مانگ لێکۆڵینەوەی وردە لە دۆسیەکە، پاش کۆکردنەوەی زانیاری و بەڵگەکان و ئەنجامدانی چەند دانیشتنێک لەگەڵ نوێنەرانی جوتیارانی ناوچە جیاوازەکانی کەرکوک، داواکانمان ئامادە کرد".

خاوەندارێتی و مامەڵەکردن بە زەوییە کشتوکاڵییەکان لە کەرکوک، یەكێكە لە دۆسیە ئاڵۆزەكانی ئەو پارێزگایە و ناوچەكانی دیکەی جێناكۆك كە 20 ساڵە بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە، ئەوەش وایكردووە چەندین جارشەڕو ئاڵۆزیی لە نێوان جوتیارانی كورد و عەرەب و توركمان دروستببێت.

هەر ئەمڕۆ لە دیوێکی دیکەی کێشەی زەوییە کشتوکاڵییەکانی کەرکوک، هادی عامری سەرۆكی لیژنەی باڵای جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستوری عیراق، لە نووسراوێکدا بۆ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق کە وێنەیەکی دەست پەرەگراف کەوتووە، داوا دەکات کە گرێبەستی زەوییە كشتوكاڵییەكانی كەركوك بۆ هاوڵاتیانی عەرەب نوێنەکرێنەوە.

لە نوسراوەكەدا هادی عامری، ئاماژەی بە بڕیاری ژمارە 29ی ساڵی 2012ی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کردووە کە تایبەتە بە هەڵوەشاندنەوەی هەموو بڕیارەكانی لیژنەی كاروباری باكوری هەڵوەشاوەی سەردەمی بەعس، ئەوەش پەیوەستە بە خاوەندارێتی و مافی بەكارهێنانی ئەو زەوییە كشتوكاڵییانەی كە موڵكی عەرب نین، لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی ئەو گرێبەستە كشتوكاڵییانەی لەگەڵیاندا كراوە.

بڕیارەکەی حکومەتی عێراق کە سەرۆکی لیژنەی باڵای جێبەجێكردنی ماددەی 140 لە نووسراوەکەیدا پشتی پێبەستووە، تایبەتە بە گەڕانەوەی بارودۆخی زەوییە کشتوکاڵییەکان بۆ پێش دەركردنی بڕیارەكانی لیژنەی كاروباری باكوری سەردەمی بەعس.

به‌پێی بڕیاره‌كانی‌ ئه‌نجومەنی باڵای شۆڕش و لیژنه‌ی‌ كاروباری‌ باكوری سه‌رده‌می به‌عس کە لە ساڵانی ٧٠ی سەدەی ڕابردوو دەرکراوە، زەوییە کشتوکاڵییەکانی کوردو تورکمان به‌شێوه‌ی گرێبه‌ست به‌سه‌ر عه‌ره‌بی ناوه‌ڕاست و خواروی عیراقدا دابه‌شكران، ئه‌وه‌ش له‌ چوارچێوه‌ی پڕۆسه‌ی ته‌عریب و راگواستنی خێزانه‌ كورد و توركمانه‌كان لە ناوچەکانی خۆیان.