ڕسوومات و گرانبوونی پێداویستی هۆكارن؛ لە ساڵێكدا نزیكەی 100 ‏نانەواخانە و سەموونخانە لە دهۆك داخراون

19-06-2023 02:53
فڕنێکی نان لە دهۆک. وێنە؛ پەرەگراف - عەممار عەزیز

پەرەگراف - عەممار عەزیز لە دهۆک

بەهۆی زیادكردنی ڕسوومات لەسەر سەموونخانە و نانەواخانەكان، هەروەها ‏گرانیی پێداویستییەكانی دروستكرنی نان و سەموون، لە ماوەی ساڵێكدا لە ‏دهۆك نزیكەی 100 نانەواخانە و سەمونخانە داخراون

نێچیرڤان دۆسكی، زیاتر لە چوار ساڵە نانەواخانەیەكی لە ناوچەی ئیمینكێی ‏سەر بە پارێزگای دهۆك كردووەتەوە، موڵەتی نانەواخانەكەی لە مانگی 9ی ‏‏2022 بەسەر چووە و دەبێت نویێ بكەمەوە، بەڵام بە پەرەگرافی وت "بەهۆی ‏زیادكردنی ڕسوومات، تا ئێستا نوێم نەكردووەتەوە، چونكە دەزانم پارەیەكی ‏زۆری تێ‌ دەچێت تا نویێ دەكەمەوە".‏

نێچیرڤان دۆسكی وتیشی "جگە لە زیادكردنی ڕسوومات، ئیدارەی پارێزگای ‏دهۆك كۆمەڵێك بەڵێنیان بە ئێمە دا كە هاوكاریمان بكەن، بەڵام هیچیان ‏جێبەجێ نەكردوون‎"‎‏.‏

ئەیاز سدیق، نوێنەری خاوەنی فڕن و نانەواخانەكانی دهۆك، بۆ پەرەگراف ‏دەڵێت "تەنها نوێكردنەوەی موڵەتی ساڵانە 500 هەزار دیناری چووەتە سەر، ‏بە جۆرێك لە 150 هەزار دینارەوە بۆ نزیكی 700 هەزار دینار بەرز ‏بووەتەوە".‏

كێشەیەكی دیكەی خاوەنی نانەواخانە و سەموونخانەكانی دهۆك، ڕۆتیی ‏نوێكردنەوەی مۆڵەتی كاركردنە، كە وەكوو نوێنەری خاوەنی فڕن و ‏نانەواخانەكانی دهۆك دەڵێت، پێشتر "بە دوو ڕۆژ تەواو دەبوو، ئێستا ژمارەی ‏ئەو فەرمانگانەی كە دەبێت سەردانی بكەن زۆر زیاد یادبوون و نوێكردنەوەی ‏مۆڵەت دوو حەفتەی پێ‌ دەچێت".‏

‏"سەرەڕای زیادكردنی ڕسوومات و ڕۆتین، ئارد، زەیت و تەواوی ‏پێداویستییەكانی تر گران بوون، ئەمەش وای كردووە كە خاوەنی فڕن و ‏نانەواخانەكان بیر لە داخستن بكەنەوە، بە جۆرێك لە ماوەی ساڵێكدا نزیكەی ‏‏100 فڕن و سەموونخانە لەلایەن خاوەنەكانیانەوە داخراون"، ئەیاز سدیق وای ‏وت.‏

بەپێی ئامارێك كە پەرەگراف لە بەشی سەموونخانە و نانەواخانەكان لە ‏بەڕێوەبەرایەتیی دانەوێڵەی دهۆك دەستی كەوتووە، لە سنووری پارێزگای دهۆك ‏‏535 سەموونخانە لەگەڵ 845 نانەواخانە بە فەرمی تۆمار كراون.‏

هەڤاڵ سوبحی، بەرپرسی بەشی سەموونخانە و نانەواخانەكان لە ‏بەڕێوەبەرایەتیی دانەوێڵە لە دهۆك بە پەرەگرافی وت "ئێمە كە سەر ‏بەوەزارەتی بازرگانیی حكومەتی هەرێمین، مۆڵەتی كردنەوە و نوێكردنەوەی ‏ساڵانەی سەموونخانە و نانەواخانەكان لای ئێمە و تەنها 100 هەزار دینارە، ‏لە 2017وە تا ئێستا نەگۆڕاوە".‏

بەڵام لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی دیكەش ڕسوومات لە خاوەنی سەمونخانە و ‏نانەواخانەكان وەردەگیرێت. هەڤاڵ سوبحی دەڵێت "ئێمە نازانین لە ‏بەڕێوەبەرایەتی و دام و دەزگاكانی تر ڕسوومات چ گۆڕانكارییەكی بەسەردا ‏هاتووە، هەر وەزارەت و دەزگایەكی حكومی، پلانی تایبەت بە زیادكردنی داهاتی ‏خۆی هەیە".‏