وەزارەتی دارایی خشتەی دابەشکردنی مووچەی ئەم هەفتەیە ڕاگەیاند

19-06-2023 02:12

پەرەگراف

وەزارەتی دارایی هەرێم خشتەی دابەشکردنی مووچەی ئەم هەفتەیە ڕاگەیاندو یەکەکانی ٧٠ و ٨٠ی پێشمەرگەو وەزارەتی دارایی و ناوخۆ و دامودەزگا نەوتیەکان و ڕەگەزنامە، مووچەی مانگی پێنج وەردەگرن.

ڕۆژی سێ شەممە ٢٠٢٣/٦/٢٠ مووچەی یەکەی ٧٠ و ٨٠ هێزەکانی پێشمەرگە دابەش دەکرێت. ڕۆژی چوارشەممە ٢٠٢٣/٦/٢١ مووچەی وەزارەتی دارایی و ئابووری دابەش دەکرێت. ڕۆژی پێنج شەممە ٢٠٢٣/٦/٢٢ مووچەی وەزارەتی ناوخۆو بەڕێوبەرایەتی دام و دەزگا نەوتیەکان و بەڕێوبەرایەتی گشتی ڕەگەزنامە دابەش دەکرێت.

حکومەتی هەرێم لە دۆخێکی خراپی دارایی و نەبوونی پارەدایە بەتایبەت دوای ئەوەی نزیکەی سێ مانگە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان وەستاوە بەهۆی داخستنی هێڵی بۆریی هەناردەکردن لەلایەن تورکیاوە کە زیانێکی زۆری بە ئابوری هەرێم و عێراق گەیاندووە.

ئەمڕۆش شاندی عێراق و تورکیا بە بەشداریی نوێنەری حکومەتی هەرێم لە بەغداد کۆبوونەوە بۆ گفتوگۆ لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا.

تورکیا لە ٢٥ی ئادارەوە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکوکی ڕاگرتووە ئەوەش دوای بڕیارەکەی دادگای ناوبژیوانیی لە پاریس کە بڕیاریدا بە پێدانی یەک ملیارو ٥٠٠ ملیۆن دۆلار قەرەبوو لەلایەن تورکیاوە بە عێراق بەهۆی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە لە بەندەری جەیهانەوە بۆ بازاڕەکانی جیهان.

بۆریی هەناردەی نەوت ڕۆژانە نزیکەی ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی خاوی هەرێم و ٧٥ هەزار بەرمیل نەوتی کەرکوکی هەناردەی بەندەری جەیهان دەکرد، زیانی ئەو نزیکەی ٣ مانگ ڕاگرتنە دەوروبەری ٣ ملیار دۆلارە کە زۆرینەی بەر هەرێمی کوردستان دەکەوێت و ئەوەی دیکەی زیانی نەوتی کەرکوکە کە لە بودجەی عێراق کەوتووە.

هەرچەندە زیاتر لە دوو مانگە عێراق و هەرێمی کوردستان ڕێککەوتنیان واژۆ کردووە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم بە میکانیزمێکی نوێ و لە ڕێی کۆمپانیای سۆمۆی عێراقەوە، بەڵام تا ئەمڕۆ دەستی پێنەکردووەتەوە و هۆکارەکەشی لایەنی تورکیایە.

بەپێی یاسای بودجەی عێراق کە سەرەتای هەفتەی رابردوو لە پەرلەمان پەسەندکرا، هەرێمی کوردستان پێویستە رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغداد بکات بە مەبەستی هەناردەکردن یاخود بەکارهێنانی لە ناوخۆدا ئەوەش لە بەرامبەر ناردنی شایستە داراییەکانی.