یەكێتی: پارتی هۆكاری نەسازانە لەسەر یاسای هەڵبژاردن، پێداگری لەسەر مانەوەی كورسیی پێكهاتەكان وەكوو خۆی دەكات
پەرەگراف
فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان، ڕەتی دەكاتەوە كە ئەوان هۆكاری دواخستنی هەمواری یاسای هەڵبژاردن بن و دەڵێت "تا ئەم ساتەی قسەی تێدا دەكەین، پارتی و فراكسیۆنەكەی هۆكاری نەسازانن لەسەر یاسای هەڵبژاردن، ئەویش بە پێداگری لەسەر مانەوەی كورسیی پێكهاتەكان وەكوو خۆی".
فراكسیۆنی یەكێتی ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی لە پەرلەمانی كوردستان وتی "پێنج هێزی سیاسیی سەرەكی و پەرلەمانتارانی سەربەخۆیش بۆچوونمان وایە دەبێت كورسیی پێكهاتەكان بەپێی قەبارەی خۆیان بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردندا دابەش بكرێن، بەڵام پارتی سوورە لەسەر ئەوەی كورسیی پێكهاتەكان بە یەك بازنە و لەسەر شێوازی كۆن هەڵبژاردنیان بۆ بكرێت".
لوقمان وەردی وتیشی "هەڕەشەی پارتی بۆ بەكارهێنانی زۆرینەی پەرلەمانی بە پاڵپشتیی كورسیی پێكهاتەكان، وای كرد تێڕوانیی ڕایگشتی و تەواوی هێزە سیاسییەكان سەبارەت بە كورسیی پێكهاتەكان بگۆڕێت".
كورسیی پێكهاتەكان كە 11 كورسییە و زۆر جار نوێنەرانیان تۆمەتبار دەكرێن بەوەی كە لەلایەن پارتییەوە بۆ ململانێی سیاسی بەكار دەهێنرێن، بووەتە لەمپەری سەرەكی لەبەردەم هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن، لە ماوەی ڕابردوودا دەزگای هەڵبژاردنی پارتی و یەكێتی چەندین كۆبوونەوەیان ئەنجام دا، دواجار گەیشتنە ئەوەی ڕای پێكهاتەكان خۆیان و یۆنامی وەربگرن.
فراكسیۆنی یەكێتی دەڵێت "پەنا برایە بەر كۆبوونەوە لەگەڵ هێزی سیاسیی پێكهاتەكان و یۆنامی، هەریەك لە یەكێتی و پێكهاتەكان و یۆنامی ڕای خۆیان وتووە، تەنیا پارتی هێشتا ڕای خۆی لەوبارەیەوە نەوتووە".