پەرەگراف
ئەفسەرێکی پۆلیس كە برای سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمە، كەسێك لەسەر "دەستشكانەوەی ئۆتۆمبێل" دەكوژێت. پۆلیسی هەولێر دەڵێت "تۆمەتبار خۆی ڕادەستی یاسا كردووە".
ڕووداوەكە شەوی 18-4-2023 لەسەر شەقامی 120 مەتریی هەولێر ڕووی داوە. كوژراوەكە ناوی (محەمەد بورهان)ـە و خاوەنی دوو منداڵە. دایكی كوژراوەكە دەڵێت "برای ئومێد سەباح (سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم)، لەسەر دەستشكانەوەی ئۆتۆمبێل بە بێمەنەتی كوڕەكەمیان كوشتووە و تەرمەكەیان لە پزیشكی دادی فڕێ داوە".
دایكی كوژراوەكە قسەی بۆ میدیاكان كرد و وتی "كوڕەكەم كاسبە و زیانی بۆ مێروویەك نەبووە، دەبێت لە پەنای ئەوەدا كە بەرپرسیت لەسەر دەستشكانەوەی ئۆتۆمبێل كوڕی خەڵكی بكوژیت؟".
"ژنی كوڕەكەم منداڵی سێیەمی دەبێت و بردوویانە بۆ نەخۆشخانە. بۆچی جەژنت لێ تاڵ كردین؟ دامنابوو خواردنمان دروست دەكرد و دڵمان خۆش بوو"، دایكی محەمەد بەدەم گریانەوە بۆ میدیاكان وای وت.
وتیشی "لە دوێنێوە كوشتوویانە و هیچ هەواڵێكیان پێ نەداوین، وەكوو ئەوەی مریشكێكیان كوشتبێت".
هاوکات برایەکی محەمەد دەڵێت "ئەو کەسەی براکەمی کوشتووە ئەفسەری پۆلیسەو برای دەسەڵاتدارێک لە حکومەت و دوو کەسی دیکەشی لەگەڵدا بووە، دوو گوللەی لەسەر دڵی براکەم داوە".
پاش ئەوەی دایكی كوژراوەكە قسەی بۆ میدیاكان كرد، پۆلیسی هەلێر لە ڕوونكردنەوەیەكی كورتدا وتی "ڕێكەوتی (٢٠٢٣/٤/١٨) كاتژمێر (٩)ی شەو ڕووداوێكی كوشتن لە شەقامی (١٢٠) مەتریی شاری ھەولێر ڕووی دا. تۆمەتبار لەھەمان كاتدا خۆی ڕادەستی یاسا كرد و بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت".