پەرەگراف
وەزارەتی دارایی ڕوونکردنەوە لەبارەی سستیی دابەشکردنی مووچەو کێشەی سلێمانی دەدات و دەڵێت ئەم سێ خاڵەیە: کەمبونەوەی داهاتی ناوخۆیی پارێزگاکە، ڕێکەوتنی دابەشکردنی داهات بە ڕێژەی ٤٣ ٪ بە ٪ ٥٧ لەگەڵ نەمانی پارەی کاش لە بانکەکان.
وەزارەتەکە دەشڵێت، پارەی پێویست بۆ مووچەخۆرانی سلێمانی بەچەند سلفەیەک نێردراوە کە دەکاتە زیاتر لە ٨٠ ٪ تێکڕای مووچەی مووچەخۆرانی ئەو سنورەو پێویستە ئەوەی دیکە لە داھاتی ناوخۆ پڕبکرێتەوە، "کورتهێنانیش لە بانکەکانی سلێمانی گەیشتە یەک ترلیۆن دینار".
ڕونکردنەوەیەک لە ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە
لەچەند پەیج و دەزگایەکی ڕاگەیاندن چەند هەواڵێکی چەواشەکارانە سەبارەت بە سستی دابەشکردنی مووچەی چەند وەزارەتێک لە سلێمانیبڵاوکراوەتەوە کە هۆکارەکەیان بۆ ئەوە گەڕاندۆتەوە کە وەزارەتی دارایی پارەی پێویستی بۆ مووچە نەناردووە بەپێوستمان زانی ئەمڕونکردنەوەیە بۆ ڕای گشتی بخەینە ڕوو:-
١-هاوشێوەی مانگەکانی ڕابردوو پارەی پێویست بۆ مووچەخۆرانی سلێمانی لە لایەن وەزارەتی داراییەوە نێردراوە بەچەند سلفەیەک کەکۆی گشتی ٢٨٩ ملیارو ٥٠٠ ملیۆن دینار بووە کە دەکاتە زیاتر لە ٨٠ ٪ تێکڕای مووچەی مووچەخۆرانی ئەو سنورە.
٢-کۆی گشتی پارەی پێویست بۆ مووچە لە سنوری سلێمانی ٣٦٢ ملیارو ٣٠٠ ملیۆن دینارەو ئەو کورتهێنانەی دروست دەبێت لە داهاتی ناوخۆ پڕدەکرێتەوە هاوشێوەی هەولێرو دهۆک.
٣- وەک پێشتریش بلاومانکردەوە ڕێکەوتن لەسەر پشکی ( ٥٧ ٪ ) پشکی لە ( ٤٣ ٪ ) وەزارەتی دارایی لێی بەرپرسیار نییەو زۆر دژیەتی،کە پێشتر بۆ دابەشکردنی داهاتی نەوت ڕێکەوتنی لەسەر کراوە.
٤- کێشەی کورتهێنان و کەمبونەوەی نەختینە لە بانکەکانی سلێمانی نوێ نییەو لە ساڵی ٢٠٢١ وە دەستی پێکردووە، کورتهێنانیش لەبانکەکانی سلێمانی گەیشتە یەک ترلیۆن دینار .
٥- بەڕێز وەزیری دارایی هەموو هەوڵ و توانای خۆی بۆ چارەسەری کێشەو گرفتە داراییەکانی سلێمانی و هەرێمی کوردستان خستۆتەگەڕو بەهەوڵی جەنابیان مانگی پێشووتر بڕی ٣٤ ملیار دینار زیاتر لە پشکی سلێمانی لەوەزارەتی داراییەوە ڕەوانەی بانکەکانی سلێمانیکراوەو لەمانگەکانی کۆتایی ساڵی ڕابردووش جارێکی تر بڕی ٢٩ ملیار دینار لەدەرەوەی پشکی سلێمانی بۆ بانکەکانی سلێمانی نێردراوە.
لە کۆتایدا پێویستە بوترێت کە کێشەی سلێمانی هەندێک کێشەی بابەتی و خۆییە کە دەکرێت بۆ چەند خاڵێک کورت بکرێتەوە.
١- کەمبونەوەی داهاتی ناوخۆیی پاریزگاکە. ٢-ڕێکەوتنی دابەشکردنی داهات بە ڕێژەی لە ( ٤٣ ٪ ) بە ( ٥٧٪ ).
٣- نەمانی پارەی کاش ( سیولە لە بانکەکان ) .