سەرۆكی پێشووی دیوانی وەقفی سوننی لە زیندان هەڵات؛ هاوسەر و منداڵەكانی لە كاتی هاتن بۆ هەرێم دەستگیر كران

19-04-2023 01:49

پەرەگراف

سەعد كەمبەش، سەرۆكی پێشووی دیوانی وەقفی سوننی، لە زیندانێكی بەغداد هەڵات و پۆلیسی كەركووكیش ڕایگەیاند، تەنیا پاش یەك كاتژمێر لە هەڵاتنەكە، هاوسەر و منداڵەكانی و برایەكی سەعد كەمبەش لە كاتێكدا كە ویستویانە بەرەو هەرێمی كوردستان بڕۆن، دەستگیر كراون.

سەعد كەمبەش، سەرۆكی پێشووی دیوانی وەقفی سوننی، چەند دۆسیەیەكی گەندەڵیی لەسەرە و لە دۆسیەی كڕینی ئوتێل ڕامادا لە شاری هەولێر، بە چوار ساڵ زیندانیكردن سزا دراوە.

عامر نووری، وتەبێژی پۆلیسی كەركووك، لە لێدوانێكیدا بۆ (كەركوك ناو)، پشتڕاستی دەستگیركردنی هاوسەر و سێ منداڵ و برایەكی سەعد كەمبەش لە بازگەیەكی شاری كەركووك كردووەتەوە و دەڵێت "لە كاتی هاتنە ناوەوەیان بۆ شارەكە، دەستگیر كراون، بەنیاز بوون لە بەغداوە بەرەو هەرێمی كوردستان بڕۆن".

عامر نووری وتیشی "دەزگا ئەمنییەكانی بەغدا بەدوایانەوە بوون و كاتێك هاتوونەتە بازگەی كەركووك، دەستگیر كراون و ڕادەستی بەغدا كراونەتەوە".

ئەمڕۆ لیوا یەحیا ڕەسووڵ، وتەبێژی فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی عێراق، ئاشكرای كرد "سەعد كەمبەش كە لە بنكەی پۆلیسی كەڕادە مریەم لە بەغدا دەستبەسەر بووە، ڕۆژی 18ی نیسان دوای سەردانی پەرلەمانتار ئەسما حەمید كەمبەش بۆ بنكەی پۆلیس لە كاتی بەربانگ و دواتر ڕۆیشتنی، لە كاتژمێر 10:30 خولەكی شەو تاوانبار بە هاوكاریی سێ كەس لە پشتی بنكەكەوە هەڵاتووە و گەیشتووە بە دوو ئۆتۆمبێل كە چاوەڕێی بوون بۆ ئەوەی بگوازێتەوە بۆ شوێنێكی نادیار".

هێزە ئەمنییەكان لێكۆڵینەوەیان لە ڕووداوەكە دەست پێ كردووە و یەحیا ڕەسووڵ دەڵێت، دەستان كردووە بە ئاشكرا كردن و دەستگیركردنی هەموو ئەوانەی پەیوەندییان بە هەڵاتنەكەوە هەیە.

لەو چوارچێوەیەدا دادوەری لێكۆڵینەوە بڕیاری دەستبەسەركردنی ئەفسەر و كارمەندانی ئەو بنكەیەی داوە كە بەرپرس بوون لە پاراستنی دەستبەسەركراوەكە.

دەستەی دەستپاكیی عێراق ڕۆژی 11-4-2023 بڵاوی كردەوە كە دادگا بڕیاری داوە بە زیندانیكردنی سەرۆكی پێشووی دیوانی وەقفی سوننی بە چوار ساڵ، ئەوەش "بەهۆی پێشێلكردنی بەئەنقەستی ئەرك و بەرپرسیارێتی كە زیانی بە سەروەت و سامانی گشتی گەیاندووە".

دەستەی دەستپاكی وردەكاریی دۆسییەكی خستووەتە ڕوو كە بەهۆیەوە سەعد كەمبەش سزا دراوە، كە ڕاسپاردنی دەستەی ئیدارە و وەبەرهێنانی وەقفی سوننییە بۆ كڕینی ئۆتێلی ڕامادا لە شاری هەولێر، ئەوەش بەبێ ئەوەی هەڵسەنگاندنی دارایی بۆ بكات و بە پێچەوانەی ڕێنماییەكانی دیوانی چاودێری دارایی بووە.

هەروەها دادگا تاوانباری كردووە بەوەی "پێشێلكاریی لە بەرژەوەندیی خەڵكی تردا كردووە لەسەر حسابی دەوڵەت".

سەعد كەمبەش، بەپێی ماددەی 331ی لە یاسایی سزادانی عێراقی بە چوار ساڵ زیندانی سزا دراوە، لەو ماددەیەدا هاتووە "هەر فەرمانبەرێكی حكومی، پێشێلی ئەركەكەی خۆی بكات، یان كارەكەی جێبەجێ نەكات، بە ئەنقەست و لەپێناو زیانگەیاندن بە كەسانی تر، ئەوە بە زیندانیی و غەرامە یاخود یەكێكیان سزا دەدرێت".