دوو باند بە دەیان كیلۆگرام ماددەی هۆشبەرەوە ‏دەستگیر دەكرێن

18-04-2023 08:41

پەرەگراف

ئاسایشی ڕاپەڕین دوو باندی بازرگانیی ماددەی هۆشبەری بە دەیان كیلۆگرام ‏ماددەی هۆشبەرەوە دەستگیر كرد.‏

ئاسایشی ڕاپەڕین لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت "بەشی ماددە ھۆشبەرەكانی ‏بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ڕاپەڕین بە پشتبەستن بە زانیاری و بەدواداچونی ‏ورد، دوای وەرگرتنی ڕەزامەندیی دادوەری دادگای لێكۆڵینەوەی ڕانیە، دوو ‏چالاكی گرنگی بە ئەنجام گەیاند".‏

چالاكیی یەكەم لە ڕۆژی 12-4-2023 بووە، كە "دوو تۆمەتبار بە چەند ‏جۆر و بڕێكی جیاوازی ماددەی ھۆشبەرەوە" لە سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین ‏دەستگیر كراون و یەكێك لە گومانلێكراوان دانیشتووی شاری ھەولێرە.‏

بەپێی ڕاگەیەندراوی ئاسایش، "بڕی هەزار گرام ماددەی هۆشبەر لە جۆری ‏ھێرۆین، ١٥٠٠ گرام تریاك، ٥٠٠ گرام ماریجوان‎ ‎‏ و ٥٠ گرام كریستاڵ، ‏هەروەها ئامێری پێوانەكردن و كەلوپەلی بەكارهێنانی ماددە هۆشبەرەكان" ‏دەستی بەسەردا گیراوە.‏

چالاكیی دووەم لە ڕۆژی 9-4-2023 بووە، كە تێیدا ئاسایش "دەستی بەسەر ‏بڕی (٥٦) كیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لە جۆری كریستاڵ بە شێوەی شاراوە ‏لەناو (١٧ قتوی كەتیرە)دا گرتووە".‏

ئاسایشی ڕاپەڕین دەڵێت "ئەو ماددە هۆشبەرە ئامادە كرابوو بنێرێتە دەرەوەی ‏هەرێمی كوردستان".‏