زیاتر لە ٥٠ ڕێکخراو کەمپین بۆ ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای بودجەی هەرێم دەکەن و لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان کۆبوونەوە
پەرەگراف
بهسهرپهرشتیی سهرۆكی پهرلهمانی کوردستان كۆبوونهوهیهكی ڕاوێژكاری سهبارهت به کەمپینی کارکردن بۆ پڕۆژهیاسای بودجەی گشتیی ههرێم بەڕێوەچوو کە زیاتر لە ٥٠ ڕێکخراو کاری لەسەر دەکەن، ئەوە لە کاتێکدایە ماوەی ١٠ ساڵە حکومەتی هەرێم بەبێ یاسای بودجە کار دەکات.
پەرلەمانی کوردستان بڵاویکردەوە، نوێنهرانى زیاتر لە ٥٠ ڕێکخراوی ناحکوومی و سەندیکا و کۆمەڵە له سەرتاسەری هەرێمی کوردستان و ڕێکخراوی هاوپەیمانیی شەفافیەت و لێپرسینەوە و تۆڕی گەشەپێدانی پێڕەو و ژمارهیهك چالاکوانی مەدەنی ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون.
هۆکارەکانی نەبوون و نەناردنی پڕۆژەیاسای بودجەو هەنگاوەکانی ئامادەکردنی، ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە بووە، "گفتوگۆیەکی تێروتەسەل و ڕوونکردنەوەیەکی هەمەلایەنە لهبارهیانهوه خرانەڕوو".
بەشداربووانى كۆبوونهوهكهوه، بوونی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی هەرێم بە گرنگ و پێویست دەزانن، پەرلەمانی کوردستانیش دەڵێت، ئەوان هەمیشه هاوکار بوون بۆ کارکردنی جدی لەوبارەیهوە.
لە یەکەم کابینەی حکومەتی هەرێم لە ١٩٩٢ تا ٢٠١٣ تەنها ١٠ساڵ یاسای بودجەی هەبووە، لە ساڵی 2013ـەوە تائێستا كە كابینەی نۆیەم بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی و كابینەی پێشووش بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی دەگرێتەوە، پرۆژەیاسای بودجەیان رەوانەی پەرلەمان نەكردووەو ئەمە بە درێژترین ماوە دادەنرێت کە هەرێمی کوردستان یاسای بودجەی نەبووە.
حکومەتی هەرێم چەندینجار باسی ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای بودجەی کردووە، بەڵام بە کردار هەنگاوی بۆ نەناوە، ئەوەش نیگەرانیی پەرلەمانتارانی لێکەوتووەتەوە کە یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانیان دەرکردنی یاسای بودجەو چاودێریکردنیەتی.
حكومەتی هەرێم هەرجارەی پاساوێكی بۆ نەناردنی پڕۆژەیاسای بودجە هەبووە بۆ پەرلەمان، یەكێكیان نەناردنی بەشە بودجەی هەرێمە لەلایەن بەغداوە، ئێستا کە هەرێم و بەغداد لەسەر بودجەی فیدراڵی و پشکی هەرێم ڕێککەوتوون، چاوەکان لەسەر حکومەتی هەرێمن تا پڕۆژەی بودجە ئامادە بکات و بینێرێتە پەرلەمان.
ئەوە لەکاتێکدایە پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی دووەمی بۆ پڕۆژە بودجەی سێ ساڵی عێراق کردو سەرقاڵی دەرکردنی یاسای بودجەیە کە ئەمساڵ بودجەکە گەورەترینە لە مێژووی وڵاتدا، داواش لە حکومەتی هەرێم دەکرێت هاوشێوەی بەغداد پڕۆژەیاسای بودجە ئامادە بکات و بینێرێتە پەرلەمان.
د.نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت، بەردەوامن لە گفتوگۆ بەمەبەستی شیکردنەوەی سەرجەم رەهەندە دارایی و ئابوری و کۆمەڵایەتییەکانی پڕۆژەی بودجەو ئامادەکردنی بۆ خوێندنەوەی دووەم لە هەفتەی داهاتوودا.
ئەم بودجەیە گەورەترینە لە مێژووی عێراقدا کە زیاترە لە 199 ترلیۆن دینار، ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پێیوایە، "بە پەسەندکردنی کاریگەریەکی گەورە دروست دەکات لەسەر کۆی سێکتەرە ئابورییەکان و ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیانی عێراق".
پشکی هەرێمی کوردستان لەم بودجەیەدا بە رێژەی 12.67% دیاریکراوە و دەکاتە زیاتر لە 15 ترلێۆن دینار.
نەرمین مەعروف دەڵێت، ئەو پشکەی هەرێم گرنگییەکی زۆری هەیە بۆ سەرپێخستنەوەی پڕۆژەکانی بواری وەبەرهێنانی گشتی و رەخساندنی هەلی کار و کۆتایهێنان بە کێشەی دواکەوتنی مووچە و ئەو قەیرانە داراییەی ساڵانێکە تووشی هەرێمی کوردستان بووە.
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق داواش دەکات، لەپێناو پاراستنی مافی هەموو چین و توێژەکان لەم داهاتە و دابەشکردنی بەشێوەیەکی دادپەروەرانە، "پێویستە حکومەتی هەرێم هاوشێوەی حکومەتی فیدڕاڵ پڕۆژە یاسای بودجە بنێرێتە پەرلەمانی کوردستان و لە چوارچێوەی یاسای بودجە و بە ڕەزامەندی نوێنەرانی گەل کۆی داهات و خەرجییەکانی حکومەت رێکبخرێتەوە".