مەسرور بارزانی لەگەڵ كۆمپانیا نەوتییەكان كۆدەبێتەوە؛ ڕێكارە نوێیەكانی ‏هەناردەكردنی نەوتیان بۆ ڕوون دەكاتەوە

18-04-2023 11:53

پەرەگراف

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ئاشكرای دەكات، سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆ گفتوگۆ ‏لەسەر ئامادەكارییەكان بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم و ‏مەرج و بڕیارەكانی پەیوەست بە نرخی نەوتی خاو لە ڕێی سۆمۆوە، لەگەڵ ‏كۆمپانیا نەوتییەكان كۆدەبێتەوە.‏

كۆبوونەوەكە ئەمڕۆ لە شاری هەولێر بەڕێوە دەچێت و تێیدا مەسرور بارزانی ‏‏"میكانیزمی پێشنیازكراو بۆ دانەوەی قەرزی كۆمانیا نەوتییەكان و پشكیان لە ‏فرۆشی هەناردەی نەوت لە ئایندەدا" بۆ كۆمپانیاكان ڕوون دەكات.‏

بەپێی زانیارییەكانی ڕۆیتەرز، حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێم بابەتە ‏تەكنیكییە بنەڕەتیەكانیان بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت بۆ بەندەری ‏جەیهانی توركی چارەسەر كردووە .‏

بەپێی ئەو گرێبەستەی كۆمپانیای سۆمۆ لەگەڵ بازرگانەكان واژووی دەكات، ‏نرخی نەوتی هەرێم هاوشێوەی نرخی نەوتی كەركووك دەبێت و حكومەتی ‏هەرێمیش پابەند دەكرێت كە نەوتەكەی بە ئاسیا بفرۆشێت.‏

لەگەڵ ئەوەی كە حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراق گەیشتوونەتە ڕێككەوتن ‏و ڕێكارە هونەرییەكان بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم بەرەو كۆتایی ‏دەچن، بەڵام هێشتا كاتی دەسپێكردنەوەی نەوتی هەرێم دیار نییە.‏