ئومێد بەرۆشكی بۆ پەرەگراف: ئازاد كرام، بەڵام دەست بەسەر كەلوپەلە ڕۆژنامەوانییەكانمدا گیراوە
پەرەگراف
ئەمڕۆ جارێكی دیكە ڕۆژنامەونووس ئومێد بەرۆشكی لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیر كرا و پاش زیاتر لە كاتژمێرێك ئازاد كرا، بەڵام دەست بەسەر كەلوپەلە ڕۆژنامەوانییەكانیدا گیراوە.
ئومێد بەرۆشكی كاتژمێر دووی پاشنیوەڕۆ لە ماڵەكەی خۆیدا لە شەقامیK.R.O ی ناوەندی شاری دھۆك دەستگیر كراوە، لەلایەن هێزێكەوە كە سەنتەری میترۆ دەڵێت "بە ناوی ئاسایشی دھۆك و بە جلی مەدەنی و دوو ئۆتۆمبێلەوە ھەڵیان كوتاوەتە سەر ماڵەكەی".
ڕۆژنامەنووس ئومێد بەرۆشكی لە لێدوانێكی تایبەتدا بە پەرەگرافی وت "خۆم و هاوڕێیەكەم دەستگیر كراوین و پاش ماوەیەك ئازاد كراوین، بەڵام كۆمپیوتەر و لاپتۆپ و كامێراكەم دەستیان بەسەردا گیراوە".
سەبارەت بە هۆكاری دەستگیركردنی، بەرۆشكی وتی "هیچیان پێ نەوتووم و تەنیا ماوەیەك دەستبەسەر بووم".
هەروەها ڕەمەزان ئەرتیسی، پارێزەر لە تیمی پارێزەرانی خۆبەخشی ڕۆژنامەنووس و چالاكانی بادینان، بۆ پەرەگراف وتی "ئومێد بەرۆشكی ماوەی یەك كاتژمێر و 30 خولەك دەستگیر كراوە و دواتر ئازاد كراوە، بەڵام كەلوپەلە ڕۆژنامەوانییەكانی پێ نەدراوەتەوە".
ئەیھان سەعید، نوێنەری سەنتەری میترۆ لە دھۆك، دەڵێت "دەستگیركردن و ڕفاندنی ئومێد بەرۆشكی، بێ بڕیاریی دادگا و بێ ئاگاداریی سەندیكای ڕۆژنامەنوسان بووە، لە كاتێكدا ئەمە دژی یاسای ژمارەی ٣٥ی ڕۆژنامەگەرییە".
"گرتن و ڕفاندنی ئومێد بەرۆشكی و دوو سكاڵای نوێ لەسەر شێروان شێروانی و دووبارە بانگكردنی ئازادكراوانی بادینان بۆ دەزگا ئەمنییەكان و بەردەم دادگا، پێمان دەڵێن ھەوڵ و پیلانێكی دیكە ھەیە بۆ سەر ڕۆژنامەنووس و چالاكوانان لە پارێزگای دھۆك"، نوێنەری سەنتەری میترۆ لە دھۆك وا دەڵێت.