پەرەگراف
کۆبوونەوەی شاندی حکومەتی هەرێم و قوباد تاڵەبانی بۆ گەڕانەوەی تیمی وەزاریی یەکێتی بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران "بێ ئەنجام کۆتایی هات"، یەکێتی سوورە لەسەر هەڵوێستەکانی و مەسرور بارزانیش بژاردەی پڕکردنەوەی شوێنەکانیانی لەبەردەستدایە.
هەریەکە لە پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و دانا عەبدولکەریم وەزیری ئاوەدانکردنەوەو عەبدوڵا حاجی مەحمود وەزیری شەهیدان، نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە هەولێر سەردانی قوباد تاڵەبانییان کرد، ئامانجی سەردانەکە گەڕانەوەی جێگری سەرۆکوەزیران و تیمی وەزاریی یەکێتی بوو بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران کە نزیکەی شەش مانگە بایکۆتیان کردووە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کۆبوونەوەکە بە پەرەگرافی وت "لە کۆبوونەوەکەدا گوێ لە نیگەرانییەکانی یەکێتی گیراوەو داوایان لێکرا بگەڕێنەوە لە ئەنجومەنی وەزیران نیگەرانییەکانیان بخەنەڕو، بەڵام قوباد تاڵەبانی ڕەزامەند نەبووەو داوای لێکتێگەیشتنی پێشوەختەو چارەسەری کێشەکانی کردووە لەگەڵ تیمی وەزاریی پارتی، پاشان گەڕانەوە بۆ کۆبوونەوەکان".
سەرچاوەکەی پەرەگراف وتیشی "گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکە هەر ئەوانەن کە لە ڕاگەیاندنەکانەوە باس دەکرێن، بەتایبەت دۆسیە ئەمنییەکان و دۆخی سنوری سلێمانی".
شاندەکەی حکومەت بە ڕەزامەندی مەسرور بارزانی و لەسەر داوای وەزیری شەهیدان سەردانی قوباد تاڵەبانی کرد، ئەوەش دوای ئەوەی چەند جارێک لە ڕاگەیاندنەکانەوە داوای گەڕانەوەیان کرا بۆ کۆبوونەوەکان.
بەپێی زانیارییەکانی پەرەگراف ئەنجامی ئەو سەردانە دەبرێتەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران و دەبێتە دوا دەرفەت لەبەردەم تیمی وەزاریی یەکێتی و ئەگەر نەگەڕێنەوە، پێدەچێت مەسرور بارزانی هەنگاوی دیکە بنێت بە پڕکردنەوەی شوێنەکانیان بە وەکالەت.
سەرچاوەیەکی باڵای پارتی بە پەرەگرافی وت "مەسرور بارزانی بژاردەی پڕکردنەوەی شوێنی وەزیرەکانی یەکێتی لەبەردەستدایە، بەڵام خوازیاری گەڕانەوەیانە بۆ کۆبوونەوەکان و ناکرێت لەوەش زیاتر شوێنەکانیان چۆڵ بێت".
سەردانی شاندەکەی حکومەت بۆلای قوباد تاڵەبانی لەکاتێکدایە دوێنێ مەسرور بارزانی لەگەڵ داواکردنی یەکڕیزیی نێوان لایەنەکان، هاوکات ناڕاستەوخۆ هێرشی تووندی کردەسەر یەکێتی و ڕایگەیاند، "هیچ کات و هەرگیز ئێمە ناتوانین هاوبەش و بەشداربین لە خاکفرۆشی و گەندەڵی و لە تیرۆر و تۆقاندن و سەرانەستاندن".
بایکۆتەکەی تیمی وەزاریی یەکێتی بەهۆی کێشەو ناکۆکییەکانیانە لەگەڵ پارتی، هەرچەندە وەزیرەکانی یەکێتی لە وەزارەتەکانیان کاروبارەکان ڕایی دەکەن، بەڵام مەسرور بارزانی بەوە ڕازیی نییە کە نەچنە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران کە خۆی سەرپەرشتیی دەکات.
لەدوای کوژرانی ھاوکار جاف لە ھەولێرو تۆمەتبارکردنی بەرپرسانی دژەتیرۆری یەکێتی بە ئەنجامدانی ئەوکارە لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمەوە، گرژییەکانی پارتی و یەکێتی پەرەیان سەند، مەسرور بارزانی ئەو ڕووداوە بە هۆکاری سەرەکیی بایکۆتەکەی یەکێتی لە قەڵەم دەدات و پێشتر ڕایگەیاند، "یەکێتی داوای کپ کردنی دۆسیەی هاوکار جاف دەکات، ئەوەش داوایەکی ناڕەوایە".
بەڵام یەکێتی هۆکاری بایکۆتەکە دەگەڕێنێتەوە بۆ "ئەو کێشانەی پەیوەندییان بە خەڵکەوە هەیە"و دەڵێت "داواکاریی حیزبییان نییە"و لە دۆخی دارایی و پڕۆژەکانی سلێمانی نیگەرانن.