لە بەردەم قەڵای هەولێر لەلایەن چەند کەسێکەوە ھێرشکرایەسەر پەیامنێری کەناڵی کەی ئێن ئێن
پەرەگراف- هەولێر
ئەمڕۆ لە بەردەم قەڵای هەولێر لەلایەن چەند کەسێکەوە ھێرشکرایەسەر پەیامنێرو وێنەگری کەناڵی (کەی ئێن ئێن) و ئازار دران.
"پێشنیوەرۆی ئەمرِۆ 17 نیسانى 2023، لەناو بازاڕی شاری هەولێر لە کاتی ئامادەکردنی راپۆرتێکی رۆژنامەوانی، دوو کەس بەتوندی و هێرشیان کردوەتە سەر پەیامنێر و وێنەگری کەناڵەکەمان، دوای جنێودان و سوکایەتی کردن، بە لێدان تیمەکەمان ناچارکراوە دەستلەکارەکەیان هەڵبگرن" کەی ئێن ئێن وادەڵێت.
کە ناڵەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا دەشڵێت، سەرباری ئیدانەکردنی ئەم کارە ناشیرین و دوور لە شارستانیە، دامودەزگا ئەمنیەکانی پارێزگای هەولێر دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتی بۆ پاراستنی گیان وسەلامەتی تیمەکانیان و لێپرسینەوەى یاسایی لە بکەرانی ئەو تاوانە و چاوەڕوانی دەرئەنجامی لێکۆڵینەوەکان و بڕیاری دادگا دەکەن.
هاوکات سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی ڕۆژنامەنووسان لەبارەی هێرشەکەوە دەڵێت "كە هێزی ئەمنی رەسمیی، ئاسایش، هەواڵگری، پێشمەرگە، کۆماندۆو دژە تیرۆرو زێرەڤانی و پاسەوانی کۆمپانیا و پاسەوانی سیاسییەکان، تێوەگلان لە سەدان جۆری دەستدرێژی و توندووتیژی بەرامبەر رۆژنامەنووس و دەزگاکانی میدیا، ئینجا دەربازیان بوو لە سزا، ئیدی نۆرەی هاوڵاتی ئاساییە یاسا پێشێل بکات و سڵ لە لێپرسینەوە نەکات".
میترۆ دەشڵێت "هێرش بۆ سەر پەیامنێری کەی ئێن ئێن ئەحمەد مستەفا لە شاری هەولێر شەرمەزار دەکەین".
بەپێی ڕاپۆرتی ساڵانەی سەنتەری میترۆ لە ساڵی 2022 بەلایەنی کەمەوە 431 پێشێلکاری بەرامبەر 301 ڕۆژنامەنووس و دەزگای ڕاگەیاندن لە هەرێمی کوردستان هەبووە.
بێجگە لە 137 ڕووداوی دیکە کە لە پارێزگاکانی دهۆک و هەولێر و سلێمانی و هەڵەبجە و کەرکوک و نەینەوای ڕوویانداوە و چەندین ڕووداوی جۆراوجۆری تر.
ڕێگریکردن لە ۱۹٥ ڕووماڵی میدیایی و 68 دەست بەسەرداگرتنی کەلوپەلی ڕۆژنامەوانی و 64 دەستبەسەرکردن بەبێ فەرمانی یاسایی لەلایەن دادوەرەوەو 46 هەڕەشە یان “سوکایەتیکردن” و 26 لێدان یان هێرشی جەستەیی لە ڕاپۆرتی میترۆدا خراونەتە ڕوو.
هەروەها سەنتەری میترۆ دەڵێت، 16 ڕۆژنامەنووس ناچارکراون بەڵێننامەیەک ئیمزا بکەن بۆ ئەوەی ڕاپۆرت لەسەر ڕووداوێک بڵاونەکەنەوە، شەش پەخشی ڕاگەیاندن بەهۆی هێرشێکی ئەلیکترۆنییەوە تێکدراون و چوار ڕۆژنامەنووس بە فەرمانی دادوەر دەستگیرکراون و هێرش کراوەتەسەر ماڵی ۳ ڕۆژنامەنووس، ۲ ئۆفیسی میدیاش کراونەتە ئامانج لە لایەن هێرشی موشەکییەوەو دەزگایەکی میدیاییش بە زۆر داخراوە.
ئامارەکان زیادبوونی زەوتکردنی مافی ڕۆژنامەنووسان پیشان دەدەن بە درێژایی ساڵەکان، ۳٥۳ سەرپێچی لە ساڵی 2021 و ۳۸٥ لە ساڵی 2020 و 231 لە ساڵی 2019. راپۆرتەکانی سەنتەری میترۆ بۆ دەیەی ڕابردوو ئەوە پیشان دەدات کە لە 2013وە جموجوڵەکان بۆ سنوردارکردنی ئازادی ڕۆژنامەگەری توندتربوون.