مەسرور بارزانی: ناتوانین هاوبەش و بەشداربین لە خاکفرۆشی و گەندەڵی و تیرۆر و تۆقاندن و سەرانەستاندن

16-04-2023 08:09
مەسرور بارزانی لەکاتی وتارەکەیدا بۆ کاسبکارانی ھەولێر.

پەرەگراف

 

مەسرور بارزانی ڕایگەیاند "هیچ کات و هەرگیز ئێمە ناتوانین هاوبەش و بەشداربین لە خاکفرۆشی و لە گەندەڵی و لە تیرۆر و تۆقاندن و لەسەرانەستاندن، یان ئەوەی کە خەڵک لەپێناو بەرژەوەندی خۆمان بەکاربێنین".

سەرۆکوەزیرانی ھەرێم دەشڵێت "هەمیشە لەگەڵ هەموو ئەو لایەنانە بووین و داوای یەکڕیزی هەموو هێزێکی نیشتمانپەروەر دەکەین کە ئامانجی پاراستنی هەرێمی کوردستان بێت و بڕوایان بە خزمەتکردنی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بێت، بڕوایان بەوە بێت کە ئێمە بتوانین بەیەکەوە خزمەتی هەموو چین و توێژ و ئایینەکان بکەین. بڕوایان بەوەبێت کە رووبەڕووی گەندەڵی بوەستینەوە. بڕوایان بە وڵاتپارێزیبێت. ئێمە هەمیشە لەگەڵ ئەو لایەنانە یەکڕیزین".

ئەو وتانەی مەسرور بارزانی لە وتارێکدا ھات کە ئێوارەی ئەمڕۆ لە ئێوارە خوانێکدا لەگەڵ کاسبکارانی ھەولێر پێشکەشی کرد.

لە وتارەکەیدا سەرۆکی حکومەت باسی دۆخی سیاسی و ئابوری و پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغداد کرد.

"لەخوا بەزیادبێت رۆژ بە رۆژ ئومێدمان زیاترە کە هەرێمی کوردستان بەرەو ئاسۆیەکی رووناکتر هەنگاودەنێت، ئێمە هەرێمێکی سەقامگیرمان هەیە و سەقامگیرتریش دەبێت".

لەبارەی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا، مەسرور بارزانی وتی "لەگەڵ حکومەتی ناوەندی لە بەغدا هەموو هەوڵێکمان داوە بۆ ئەوەی کێشەکانمان چارەسە ربکەین، ئێستا گەیشتووینەتە دوا قۆناغی ئەو رێککەوتنەی ماوەیەک پێش ئێستا لەگەڵ عێراق واژوومانکردووە و هیوادارم ئەمە یارمەتیدەرێکی زۆربێت بۆ ئەوەی یارمەتی ئێوەش بدات لە رووی ئابوورییەوە، کە دەزانم زۆربەی کاریگەرییەکانی ئابووری لەسەر شانی ئێوەن چ کاسبکاربن، چ کرێکاربن، چ پیشەوەربن، کاریگەرییەکانی ئابووری زیاتر دەکەوێتە سەر شانی ئێوە، بۆیەش ئێمە هەموو هەوڵێك دەدەین کە دۆخی ئابووری لە هەرێمی کوردستان باشتر بکەین".

سەرۆکی حکومەت وتیشی "زۆر ژێرخان یان دامودەزگا هەبووە بوونیان نەبووە، ئێمە هەوڵی ئەوەمانداوە ئەو دامودەزگایانە دروستبکەین، کاریگەری زۆر لەوانە ئێستا دەرنەکەوێت، بەڵام دوای ماوەیەکیتر کاریگەرییەکانی ئەم هەوڵانەش بەدەردەکەون. ئێمە بڕوامان زۆرە کە بتوانینکوردستان بەرەو ئاسۆیەکی گەشتر و رووناکتر هەنگاوبنێین و هەموو هەوڵ و تەقەلای ئێمەش لەپێناو ئەوەیە کە ئێوە ژیانێکی باشتر و خۆشگوزەرانترتان هەبێت و ئومێدی ئەوەمان هەیە ئێوە ژیانێکی باشتر و خۆشگوزەرانترتان ھەبێت".