دوو دۆسیەی 'تەزویر و هەڕەشە' لە دژی شێروان شێروانی كراونەتەوە؛ مەترسیی سزادانێکی گەورە هەیە

16-04-2023 02:10

پەرەگراف - هەولێر

دوو دۆسیەی دیكەی "تەزویر و هەڕەشە" لە دژی ڕۆژنامەنووس شێروان شێروانی كراونەتەوە و ئەمڕۆ بردراوە بۆ دادگای لێكۆڵینەوەی دەشتی هەولێر لە كەسنەزان بۆ وەرگرتنی وتە، بەڵام ئامادە نەبووە بەبێ‌ ئامادەبوونی پارێزەرانی وتە بدات. پارێزەرێكی ترسی خۆی لە دۆسیەی تەزویرەكە ناشارێتەوە و دەڵێت "سزاكەی لە نێوان پێنج بۆ 15 ساڵە".

بەشدار حەسەن، پارێزەر لە تیمی پارێزەرانی خۆبەخشی چالاكانی بادینان، بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "لە سكاڵای یەكەمدا كە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئیدارەی چاكسازیی گەورانی هەولێر لە ڕێگەی داواكاری گشتییەوە تۆماری كردووە، تۆمەتی تەزویركردنی پەنجەمۆری یەكێك لە هاوڕێكای دراوەتە پاڵ شێروان شێروانی".

وردەكاریی كەیسەكە بەو جۆرەیە كە لە ماوەی ڕابردوودا شێروان شێروانی و هاوڕێكانی داوایان كرد بگوازرێنەوە بۆ چاكسازیی گەورانی سلێمانی و ئێستا شێروان تۆمەتبار كراوە بەوەی لەو بابەتەدا لەبریی یەكێك لە زیندانییەكانی هاوڕێی پەنجەمۆری كردووە.

بەشدار حەسەن بۆ پەرەگراف ترسی خۆی لەو دۆسیە نەشاردەوە و وتی "شێروان شێروانی ئەو تۆمەتە ڕت دەكاتەوە، بەڵام ئەگەر سزای بدەن، سزای تۆمەتی تەزویر لە نێوان پێنج بۆ 15 ساڵ زیندانیکردنە".

دۆسیەی دووەم كە ئەمڕۆ شێروان شێروانیی لەسەر بردراوەتە دادگا، تۆمەتی هەڕەشەكردنە لە ئەفسەرێكی زێرەڤانی لەناو چاكسازیی گەورانی هەولێر و پەڕاوێكی لیكۆڵینەوەیان لە بنكەی پۆلیسی كەسنەزان بەپێی ماددەی ٢٢٩ لە یاسای سزادانی عێراقی بۆ كردووەتەوە.

بەشدار حەسەن وتیشی "لەبەر ئەوەی نە تیمی پارێزەران و نە شێروان خۆیشی ئاگاداری ئەوە نەبووین كە ئەمڕۆ دەبرێتە دادگا، شێروان ئامادە نەبووە وتە بدات، هەر بۆیە دادوەر وەرگرتنی وتەی بۆ كاتێكی دیكە بە ئامادەیی پارێزەرانی دواخستووە".

ئەو پارێزەرە جەختیشی كردەوە كە "هیچ بەڵگەیەک نییە كە شێروان شێروانی هەڕەشەی لەو ئەفسەرە كردبێت".

ڕۆژنامەنووس شێروان شێروانی كە لەگەڵ چوار چالاك و ڕۆژنامەنووسی دیكەی بادینان بە تۆمەتى "هەوڵدان بۆ تێکدانى ئاسایشى هەرێم" کە خۆیان ڕەتیان کردەوە، سزای شەش ساڵ زیندانیكردنیان بەسەردا سەپێندرابوو، لە ماوەی ڕابردوودا چوار لە هاوڕێكانی ئازاد كران و ئەویش بەم نزیكانە سزاكەی تەواو دەكات، بەڵام بەر لەوە دوو دۆسیەی دیكی لە دژ كراوەتەوە.