ئۆجەلان لەبارەی ئاڵۆزییەكانی زینی وەرتێ؛ پڕۆتۆكۆڵێك لەگەڵ ئیدریس بارزانی بیردەهێنێتەوە
پەرەگراف
عەبدوڵا ئۆجەلان نیگەرانە لە گرژییەكانی زینی وەرتێو پەیام بۆ پارتیو یەكێتیو پەكەكە دەنێرێتو دەڵێت، نابێتو قبوڵ ناكەین خوێنی كورد بە دەستی كورد بڕژێتو هەر كێشەیەك هەیە بە گفتوگۆ چارەسەری بكەن، بۆئەوەش پڕۆتۆكۆڵێكی سەرەتای ساڵانی 80 لەگەڵ پارتیو یەكێتی بەبیردەهێنێتەوە.
ئەو پەیامەی ڕێبەری پارتی كرێكارانی كوردستان لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا بووە كە دوو ڕۆژ لەمەوبەر لەگەڵ محەمەد ئۆجەلانی برای ئەنجامی دا، لە ماوەی 21 ساڵی دەستگیركردنیدا ئەوە یەكەمجاربوو ڕێگە بە ئۆجەلان بدرێت پەیوەندیی بە خانەوادەكەیەوە بكاتو بە تەلەفۆن قسە بكەن.
محەمەد ئۆجەلان ناوەڕۆكی پەیوەندییەكەو پەیامی ئۆجەلانی بۆ ئاژانسی میزۆپۆتامیا خستووەتە ڕوو، كە لە دادگای كۆماریی ڕوحاوە ئەنجامداروەو ماوەی 20-25 خولەكی خایاندووە.
محەمەد دەڵێت، ئۆجەلان پڕۆتۆكۆڵی ساڵی 1982ی لەگەڵ پارتیو یەكێتی وەبیرهێناوەتەوەو وتویەتی، كورد پێویستی بە پەیمانێك نییە كە ئەم شوێنە بۆ تۆ و ئەم شوێنە بۆ من بێت، بەڵكو پێویستی بە ئاشتی و یەكێتیی هەیە.
عەبدوڵا ئۆجەلان لەبارەی تەندروستیی خۆیەوە وتویەتی دۆخی باشەو زیاتر باسی گرژییەكەی زینی وەرتێی كردووە، محەمەد دەڵێت، ئۆجەلان زیاتر لەبارەی كێشەكانی نێوان قەندیل و حكومەتی هەرێمی كوردستان قسەی كردووەو وتویەتی "ئەوە سیاسەتێكە كە كورد بە دەستی كورد بە كوشتن دەدات، كورد هیچ سوودێك لەو سیاسەتە بەدەستناهێنێت. ئەو سیاسەتە سوود بە گەلی توركیاش ناگەیەنێت. پێویستە پارتی و یەكێتی و پارتەكانی تر و بزوتنەوە كوردییەكان دەست بە كارێكی وا نەكەن".
عەبدوڵا ئۆجەلان ئەوەشی خستووەتە ڕوو، پەیامی ئەو بۆ قەندیلو حكومەتی هەرێمو پارتیو یەكێتیو خەڵكیش ئەوەیە كە شەڕ ڕوونەدات "ئەگەر خوێن بڕژێت، كەس ناتوانێت باجەكەی بدات، ئەمە پەیامی منە بۆ قەندیل و هەمیش بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان. ئەمە پەیامی منە بۆ خانەوادەی بارزانی و خانەوادەی تاڵەبانی، كەسایەتی و هەموو خەڵكی باشووری كوردستان. كورد پێویستی بە شەڕ و خوێنڕشتن نییە، پێویستی كورد بە یەكێتی هەیە، كورد پێویستی بە سیاسەتی ئەم شوێنە بۆ منو ئەو شوێنە بۆ تۆ نییە. كورد پێویستی بە ئاشتی و یەكێتی هەیە".
عەبدوڵا ئۆجەلان لە پەیامەكەیدا پڕۆتۆكۆڵێكی 10 خاڵیی ساڵی 1982ی وەبیرهێناوەتەوە كە لەگەڵ ئیدریس بارزانی دا واژۆیان كردووەو بەپێی ئەو پڕۆتۆكۆڵە نابێت لەنێوان كورددا خوێن بڕێژرێتو وتوویەتی"حكومەتی باشوور، خانەوادەی بارزانیی سەرۆكی حكومەت، یەكێتی كە پشتگیری لە حكومەت دەكات و جەلال تاڵەبانیش پڕۆتۆكۆڵەكەیان قبوڵ كردووە، سڵاوی خۆم بۆ ئەو خانەوادانە دەنێرم، ڕژاندنی خوێنی كورد بە دەستی كورد قبوڵناكرێت، گەل و ئێمەش قبوڵی ناكەین".
ئۆجەلان تەئكیدی لە ئاشتییو گفتوگۆ كردووەتەوە بۆ چارەسەری كێشەو كەموكورتییەكان، "ئەو كەسانەی كە دەتوانن ئەمە بكەن خانەوادەی بارزانی و تاڵەبانی و هەڤاڵانی قەندیلن. هیوای ئێمە و هیوای گەلەكەمان ئەوەیە كە خوێنی كورد بە دەستی كورد نەڕێژرێت".