بەرهەم ساڵح: موچەی هەرێمی كوردستان مافێكی دەستوورییە و نابێت دەستی بۆ ببرێت

28-04-2020 09:51
كۆبوونەوەكەی بەرهەم ساڵح‌و لیژنەی دارایی پەرلەمان

پەرەگراف

بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق ڕایگەیاند، موچەی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان وەك سەرجەم هاووڵاتییانی دیكەی عێراق مافێكی دەستوورییە و نابێت بە هۆی سەرهەڵدانی دەرهاویشتە سیاسییەكانەوە دەستی بۆ ببرێت.

ئەو هەڵوێستەی سەرۆك كۆمار لە میانی كۆبوونەوەیەكی ئەمڕۆیدا بووە لەگەڵ شاندی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق.

بەپێی ڕاگەیەندراوێكی كۆبوونەوەكە كە وێنەیەكی بۆ پەرەگراف نێردراوە، سەبارەت بە پرسە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵی و هەرێم لەبارەی داهاتەكان و یاسای نەوت و گاز، بەرهەم ساڵح جەختی لەوە كردووەتەوە كە پێویستە پەنا ببرێتەبەر دەستوور بە پابەندیی یاسای بودجە، "گرنگە بە راشكاوانە پەنجە بخرێتە سەربرینەكان و چارەسەری ریشەییان بۆ بدۆزرێتەوە".

لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم كە لەلایەن بەغداوە ڕاگیراوە، سەرۆك كۆمار دەڵێت "موچەی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان وەك سەرجەم هاووڵاتییانی دیكەی عێراق مافێكی دەستوورییە و نابێت بە هۆی سەرهەڵدانی دەرهاویشتە سیاسییەكانەوە دەستی بۆ ببرێت، هەروەها جەختیكردەوە لەوەی پێویستە بەشێوەیەكی شەفافانە پرسی تەسوییەی دارایی بەڕیوەبچێ بەپیی دەستوور و یاسای بودجە، بەلام نابێ ئەم ببیتە مایە دواخستن یا بڕینی موچەی فەرمانبەران".

ئەوە لەكاتێكدایە شاندێكی باڵای هەرێمی كوردستان ئێوارەی ئەمڕۆ گەیشتە بەغداد‌و لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی كاربەڕێكەری عێراق كێشەكانی نێوان هەولێرو بەغداد تاوتوێ دەكەن كە گرنگترینیان پرسی ڕاگرتنی مووچەی هەرێمە، سەرچاوەیەك دەڵێت: عێراق مووچەی ئەم مانگە دەنێرێت.

قوباد تاڵە‌بانی جێگری سە‌رۆكی ئە‌نجومە‌نی وە‌زیران سەرۆكایەتی شاندەكەی هەرێم دەكات، سەمیر هەورامی وتە‌بێژی قوباد تاڵە‌بانی بۆ پەرەگراف وتی: ئامانجی سە‌ردانە‌كە‌، درێژە‌ پێدانی كۆبوونە‌وە‌كانی پێشووە‌ كە‌ وە‌فدی دانوستانكاری حكومە‌تی ھە‌رێم لە‌گە‌ڵ حكومە‌تی عێراق ئە‌نجامی دابوون، بە‌مە‌بە‌ستی دۆزینە‌وە‌ی ڕێگە‌چارە‌ بۆ كێشە‌ ھە‌ڵپە‌سێردراوە‌كانی نێوان ھە‌رێم و بە‌غداد‌.

هاوكات پەرەگراف لە سەرچاوەیەكی باڵای كورد لە بەغداد زانیاریی ئەوەی دەستكەوتووە، سەردانی شاندەكە لەسەر داوای عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی كاربەڕێكەری عێراقە، سەرچاوەكە وتی "عێراق ئەم مانگەش مووچە بۆ هەرێم دەنێرێت، بەڵام دەیەوێت بۆ مانگی داهاتوو گرەنتی لە هەرێم وەربگرێت كە پابەندی ڕادەستكردنی نەوت بێت".

ئەوە لە كاتێكدایە ئەمیندارێتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە نووسراوێكی فەرمیی داوای لە وەزارەتی دارایی عێراق كردووە ناردنی ئەو بڕە پارەیە ڕابگرێت كە مانگانە بۆ هەرێمی كوردستانی دەنێرن، ئەوەشی بۆ پابەند نەبوونی هەرێم بە ڕادەستكردنی داهاتی نەوت گەڕاندووەتەوە. تا ئێستا بەغداد مووچەی ئەم مانگەی نەناردووەو بڕیاری ناردنەكەی لەبەردەست عادل عەبدولمەهدیدایە.

كوردستان‌و عێراق لەبەردەم قەیرانێكی سەختی دارایی‌و گەڕێكی دیكەی ململانێی نێوانیاندان، فشاری مووچە خۆرانی هەرێمیش لەسەر حكومەت ڕوو لە زیادبوونە، بەوپێیەی 50 ڕۆژە حكومەتی هەرێم مووچەی دابەش نەكردووەو لە كۆتایی مانگی 4ی 2020دان‌و تائێستا مووچەی هیچ مانگێكی ئەمساڵ دابەش نەكراوە.