پەرەگراف
وەزارەتی تەندروستی هەرێم ڕایگەیاند، لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا 11 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە كۆرۆنا تۆمار كراوە كە یەكێكیان دوای گیان لەدەستدانی دەركەوتووە تووشبووی ڤایرۆسەكەیە.
ئەو تووشبووەی كە گیانی لەدەستداوە ئافرەتێكی تەمەن 75 ساڵەو دانیشتووی گروپی ئەندازیارانی شاری هەولێرە.
10 حاڵەتەكەی دیكەش كە تووشی ڤایرۆسەكە بوون لە قەزای سۆرانن؛ سێ پیاو و چوار ئافرەت و سێ منداڵ كە بەركەوتە و خانەوادەی تووشبوویەكی پێشوون.
كۆی گشتی تووشبووان بە ڤایرۆسەكە لە هەرێمی كوردستان گەیشتە 366 تووشبوو، لەنێویاندا 5 مردن هەیە و 322 نەخۆش چاكبوونەتەوەو ئەوانی تر هەموویان لەژێر چاودێری پزیشكی دان.
لەگەڵ ئەوەی لە پارێزگاكانی هەرێم ئاسانكاریی كراوە بە ئاڕاستەی ئاسایی كردنەوەی ژیان، بەڵام هێشتا مەترسییەكانی ڤایرۆسەكە كۆتاییان نەهاتووە، هاوكات هەزارو 602 كەس لە كەرەنتینەكاندا ماون لە سەتاسەری هەرێم.