شاندێكی هەرێم بە سەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی سەردانی بەغداد دەكات

28-04-2020 03:03
قوباد تاڵەبانی‌و عادل عەبدولمەهدی

پەرەگراف

شاندێكی باڵای هەرێمی كوردستان سەردانی بەغداد دەكات‌و لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی كاربەڕێكەری عێراق كێشەكانی نێوان هەولێرو بەغداد تاوتوێ دەكەن كە گرنگترینیان پرسی ڕاگرتنی مووچەی هەرێمە، سەرچاوەیەكی باڵا دەڵێت: عێراق مووچەی ئەم مانگە دەنێرێت.

سە‌میر ھە‌ورامی وتە‌بێژی قوباد تاڵە‌بانی جێگری سە‌رۆكی ئە‌نجومە‌نی وە‌زیران بە پەرەگرافی ڕاگە‌یاند، وە‌فدێكی باڵای حكومە‌تی ھە‌رێم، بە‌سە‌رۆكایە‌تی قوباد تاڵە‌بانی ئێوارە‌ی ئە‌مڕۆ، سە‌ردانی بە‌غدا ‌دە‌كە‌ن.

وتە‌بێژەكەی قوباد تاڵە‌بانی وتیشی: ئامانجی سە‌ردانە‌كە‌، درێژە‌ پێدانی كۆبوونە‌وە‌كانی پێشووە‌ كە‌ وە‌فدی دانوستانكاری حكومە‌تی ھە‌رێم لە‌گە‌ڵ حكومە‌تی عێراق ئە‌نجامی دابوون، بە‌مە‌بە‌ستی دۆزینە‌وە‌ی ڕێگە‌چارە‌ بۆ كێشە‌ ھە‌ڵپە‌سێردراوە‌كانی نێوان ھە‌رێم و بە‌غداد‌.

پەرەگراف لە سەرچاوەیەكی باڵای كورد لە بەغداد زانیاریی ئەوەی دەستكەوتووە، سەردانی شاندەكە لەسەر داوای عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی كاربەڕێكەری عێراقە، سەرچاوەكە وتی "عێراق ئەم مانگەش مووچە بۆ هەرێم دەنێرێت، بەڵام دەیەوێت بۆ مانگی داهاتوو گرەنتی لە هەرێم وەربگرێت كە پابەندی ڕادەستكردنی نەوت بێت".

ئەوە لە كاتێكدایە ئەمیندارێتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە نووسراوێكی فەرمیی داوای لە وەزارەتی دارایی عێراق كردووە ناردنی ئەو بڕە پارەیە ڕابگرێت كە مانگانە بۆ هەرێمی كوردستانی دەنێرن، ئەوەشی بۆ پابەند نەبوونی هەرێم بە ڕادەستكردنی داهاتی نەوت گەڕاندووەتەوە. تا ئێستا بەغداد مووچەی ئەم مانگەی نەناردووەو بڕیاری ناردنەكەی لەبەردەست عادل عەبدولمەهدیدایە.

كوردستان‌و عێراق لەبەردەم قەیرانێكی سەختی دارایی‌و گەڕێكی دیكەی ململانێی نێوانیاندان، فشاری مووچە خۆرانی هەرێمیش لەسەر حكومەت ڕوو لە زیادبوونە، بەوپێیەی 50 ڕۆژە حكومەتی هەرێم مووچەی دابەش نەكردووەو لە كۆتایی مانگی 4ی 2020دان‌و تائێستا مووچەی هیچ مانگێكی ئەمساڵ دابەش نەكراوە.

دوێنێ مەسرور بارزانی ڕایگەیاند، بڕیاری بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان كە نیوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمە لەلایەن حكومەتی بەغداوە "نایاساییە و فشارێكی سیاسییە" لە دژی هاووڵاتییانی هەرێم، دەشڵێت، كۆتایی ساڵی ڕابردوو گەیشتوونەتە لێكتێگەیشتنێكی باش لەگەڵ بەغداد لەبارەی نەوت‌و مووچە، بەڵام بەغداد ئامادە نەبووە جێبەجێی بكات.

مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەش كرد، هەر لە سەرەتای دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم سەردانی بەغدایان كردووەو نیازپاكی خۆیان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەسەر بنەمای دەستوور نیشانداوەو چەندین پێشنیاریشیان بۆ چارەسەكردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان خستووەتەڕوو.

"سەرەنجام لە كۆتایی ساڵی ڕابردوو، حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵی گەیشتنە لەیەكگەیشتنێكی باش لە بارەی نەوت و شایستە داراییەكانی هەرێم بە جۆرێك كە حكومەتی هەرێم 250 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی بەغدا بكات و حكومەتی فیدراڵیش بڕی 900 ملیۆن دۆلار وەك مووچە و شایستەی دارایی بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت، بەڵام بەداخەوە دواتر كاربەدەستانی بەغدا ئامادەییان بۆ جێبەجێكردنی نەبوو" مەسرور بارزانی وادەڵێت.

سەرۆكی حكومەت تەئكید لەوەش دەكاتەوە، نابێت حكومەتی فیدراڵی بابەتی مووچە و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان وەكو كارتێكی سیاسی و سزادان لە دژی هاووڵاتییانی هەرێم بەكاربهێنێت كە ئەمە دژی مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان و هاووڵاتییانی هەرێمە.