پەرەگراف
كۆمپانیای ئاسیاسێڵ دەستپێشخەرییەكی بەپەلەی ڕاگەیاند بۆ پشتگیریكردنی كەرتی پەروەدە لە هەرێمی كوردستان، ئەوەش بە دابینكردنی ئینتەرنێتی بێبەرامبەر بە مەبەستی یارمەتیدانی فێرخوازان بۆ تەواوكردنی پڕۆسەی خوێندن لە ماڵەكانیانەوەو لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە.
وەزارەتی پەروەردە پشتگیریی دەستپێشخەرییەكەی ئاسیاسێڵ دەكات كە ئێستا بەردەستە، خوێندكاران دەتوانن سوود لە ئینتەرنێتی بێبەرامبەر وەربگرن بەبێ هیچ كۆتوبەندێك بە مەبەستی تەواوكردنی پڕۆسەی خوێندن.
دەقی بەیاننامەیەكی رۆژنامەوانی ئاسیاسێڵ لەوبارەیەوە
بەرواری بڵاوكردنەوە: ٢٧ی نیسانی 2020
ئاسیاسیڵ دەستپێشخەرییەكی نوێ ڕادەگەیەنێت بۆ پشتگیریكردنی كەرتی خوێندن
دابینكردنی ئینتەرنێتی بێبەرامبەر بۆ فێرخوازان لە پێناو هێنانەكایەی فێركردنی ئەلیكترۆنی
عێراق، بەغدا – كۆمپانیای ئاسیاسێڵ دەستپێشخەرییەكی بەپەلەی ڕاگەیاند بۆ پشتگیریكردنی كەرتی پەروەدە لە هەرێمی كوردستان. دەستپێشخەرییەكە دابینكردنی پاكێجی ئینتەرنێتی بێبەرامبەرە بە مەبەستی یارمەتیدانی فێرخوازان بۆ تەواوكردنی پرۆسەی خوێندن لە دوورەوە "لە ماڵەوەوە" لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە. فێرخوازان ئەتوانن لە ڕێی ئەم پرۆسەیەوە ئینتەرنێتی بێبەرامبەری ئاسیاسێڵ بەكاربهێنن بەبێ هیچ كۆتوبەندێك بە مەبەستی تەواوكردنی پرۆسەی خوێندن لەم بارودۆخە نائاساییەی بڵاوبوونەوەی بەڵای كۆرۆنادا.
ئەم هەنگاوە بە هاوكاری لەگەڵ وەزارەتی پەروەردی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەنجامدراوە لە ڕێگەی ڕاگەیاندنی پلاتفۆرمێكی فێركردنی ئەلیكترۆنییەوە بۆ هەموو پۆلەكانی خوێندن كە ئەویش پلاتفۆرمی (www.ewane.krd) ــە.
فێرخوازان دەتوانن مانگانە 15GB ئینتەرنێت بەدەستبهێنن؛ كە دەكاتە ڕۆژانە 500MB كە مەبەست لە بەكارهێنانی ئەم پاكێجە تەنها بۆ چونەناوەوەی ئەو پلاتفۆرمەیە كە لەسەرەوە باسی لێوەكراوە. بۆ بەدەستهێنانی ئەم پاكێجەش، پێویستە فێرخواز بەشداری بكات لە ڕێگەی ناردنی ژمارە ١ بە نامەیەكی بێبەرامبەر بۆ 3110. ئەم پاكێجە لە ڕۆژی 26 ی نیسانی 2020 ــەوە دەستپێدەكات .
هەر لە مبارەیەوە، بەڕێز ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردە لە هەرێمی كوردستان وتی، "ئێمە دەستپێشخەرییەكەی ئاسیاسێڵ بەرزدەنرخێنین بۆ پشتیوانیكردن لە هەوڵەكانی وەزارەتی پەروەردە لە هەرێم لە ڕێی دابینكردنی ئینتەرنێتی بێبەرامبەر بۆ قوتابی وخوێندكارە خۆشەویستەكانمان تا بتوانن بچنە ناو سایتی فێركاری ئەلیكترۆنی www.ewane.krd
بەڕێز عەبدوڵا حەسەن، وتەبێژی فەرمی ئاسیاسێڵ وتی: "ئەوەی ئەمڕۆ دەیكەین بەشێكە لە ناسنامەی ئێمە لە ئاسیاسێڵ بۆ پشتگیریكردنی كۆمەڵگە. لە كاتێكدا ئاسیاسێڵ بە پێشەنگ دەزانین لە ڕووی بەرەوپێشچوونەوە لە بواری تەكنۆلۆجیای دیجیتاڵ لە وڵاتدا، هەوڵێكی زۆر گەورەشمان خستووەتەگەڕ بە مەبەستی دابینكردنی ئینتەرنێتی بێبەرامبەر بۆ فێرخوازە خۆشەویستەكانمان لە پێناو بەردەوامبوونیان لە پرۆسەی خوێندن وفێربوون."
جێگەی باسكردنە كە ئاسیاسێڵ ژێرخانی پێویستی پەرەپێداوە بە مەبەستی ئامادەكاری بۆ خستنەگەڕی نەوەی چوارەم 4G. ئەمە بێجگە لەوەی ئاسیاسێڵ بە دابینكەری سەرەكی چارەسەری دیجیتاڵی تەواوكاریی دادەنرێت لە عێراق بۆ كۆمپانیا ودامەزراوەكان.